تۆرۆنتۆ
لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس، هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا بەشێکی زۆری قسەکانی تەرخانکرد بۆ رەوشی ئێستای عێراق و مەترسییەکانی داعش.
کلینتۆن رەخنەی لە سیاسەتەکانی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرت و گوتی: "بەهۆی ئەوەی نەیتوانی مامەڵەیەکی شایستە و هاوسەنگ بکا لە حوکمڕانێتیدا، نوری مالیکی بۆتە گەورەترین گرفت بۆ عێراق. ئیدارەی واشنتۆن لە سەرکردەکانی عێراق رازی نییە چونکە نەیانتوانیوە ئیدارەی وڵات بە باشی بەڕێوە بەرن و پێکەوە کۆک و تەبا بن. بۆیە ئێمە پشتگیریی لەو رووداوانە ناکەین لەو وڵاتە روو دەدەن تا نەزانین مالیکی چی دەکا و کێ سوپای عێراق بەڕێوە دەبا. هەروەها دەبێ بزانین چ لایەنێکی دیکە دێنە نێو گۆڕەپانەکەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خاتوو هیلاری باسی چەکدارانی داعش و مەترسییەکانی ئەو رێکخراوەی کرد لە ناوچەکەدا.
ئەو گوتی: "ئەگەری زۆرە پریشکی مەترسییەکانی داعش ئێران و تورکیاش بگرێتەوە. بۆیە دەبێ هەرچی زووترە ئاوێک بەو ئاگرەدا بکرێ و کێشەکان چارەسەر بکرێن. مەترسییەکانی داعش هەر ئەوە نین ئێستا هەن، بەڵکو لەوانەیە ئەو رێکخراوە دزە بکەنە ناو وڵاتانی دەوروبەری عێراق و چالاکییەکانیان بەرفراوانتە بێ."
لە درێژەی دیدارەکەدا هیلاری ئاشکرایکرد: فشاری زۆری لەسەرە بۆ ئەوەی خۆی کاندید بکا بۆ پۆسی سەرۆکایەتی ئەمریکا. هەروەها ژنان زیاتر مکوڕن لەسەر ئەو داواکارییە.