دەستپێکی ڕەوتی تێکەڵبوونی هێزەکان لە پارێزگای حەسەکە'ی سووریا
بە گوتەی فەرماندە سەربازییەکان، هەنگاوی داهاتوویان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان، جێگرکردنی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە قامیشلوو دەبێت.
Syria
حەسەکە - AA
فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆیی پارێزگای حەسەکە لە سووریا جەنەڕاڵ مەروان عەلی باس لە دەستپێکی ڕەوتی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان لە پارێزگاکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی دیمەش و ڕێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە کرد و رایگەیاند، لە هەنگاوی داهاتوودا هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای قامیشلووش جێگیر دەکرێن.
جەنەڕاڵ مەروان عەلی دوای چوونی کاروانی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکەی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ حەسەکە لە ناو پەیامنێراندا ڕایگەیاند، کە ڕەوتی تێکەڵکردنی هێزەکان و هاتنیان بۆ ناو شارەکان بە فەرمی دەستی پێکردووە.
ئەو بەرپرسە سەربازییە وێڕای ئاماژەدان بە هەماهەنگییەکان لەم بارەیەوە گوتی: "ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی حەسەکە بەرە بەرە دەسپێردرێت بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکوومەتی سووریا و لەو چوارچێوەیەدا یەکەکانی سەر بە ئاسایش سەر بە یەپەگە تێکەڵ بەو پێکهاتەی ئاسایشی ناوخۆی سووریا دەکرێن.
گوتیشی، قۆناغی یەکەم بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی سنووردار لە هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکان لە شارەکەدا دەستی پێکرد.
ئەو فەرماندە سەربازییە گوتیشی، هەنگاوی داهاتوویان، جێگرکردنی هێزەکان لە قامیشلوو دەبێت.
لەم بارەیەوە فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆیی پارێزگای حەسەکە لە سووریا جەنەڕاڵ مەروان عەلی گوتی: "هەنگاوی دووهەم، پەنا بە خوا سبەی بە چوونمان بۆ قامیشلوو بەردەوام دەبێت، قۆناغی یەکەم ئەمڕۆ بە تێگەیشتن و لێکگەیشتنی هەردوو لا و بە ئارامی بەڕێوەچوو".
مەروان عەلی وێرای ئاماژە بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەکە، گوتی: "بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە، پێویستە هەموو هاوکاری یەکتر بین، داوا لە هەموو لایەک دەکەم کە ئارام بن و سەبریان هەبێت. پابەندی تەواوی هەموو لایەنەکان، بە بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە زۆر گرنگە".
داواشی کرد کە خۆیان لە هەرچەشنە ڕق و کینەیەک بپارێزن و گوتیشی، بەرپرسانی حکوومەت ئەو گوتارانە قبوڵ ناکەن.
فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆیی پارێزگای حەسەکە لە سووریا جەنەڕاڵ مەروان عەلی لە کۆتایی دا گوتیشی، دوای قامیشلووش، بەندەکانی دیکەی ڕێککەوتننامەکە خاڵ بە خاڵ جێبەجێ دەکرێت لەوانەش تێکەڵبوونی تەواوی هێزەکان و ئاسایش و هەروەها پێکهاتەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
جێی ئاماژەیە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەکانی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی سووریا و ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە چوونە ناو حەسەکە.
