Özcan Yıldırım
02 شوبات 2026•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2026
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند کە هەتا سەر دژ بە هەموو ئەوانە دەوەستنەوە کە سوود لە پێکدادان دەبینن، وەبەرهێنان لە گرژییەکاندا دەکەن و ژیانی خەڵکیان بۆ گرنگ نییە و بازرگانی بە خوێن دەکەن.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی، ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی ئابووری وڵاتەکەی و هەوڵەکان بۆ سەقامگیری لەو بوارەدا کرد و گوتی: "ڕێگە نادەین ئەوانەی کە بە ڕواڵەت ئابووریزانن و لە هەر دەرفەتێکدا هەوڵی بێ ئۆمێدکردنی خەڵک دەدەن، چارەنووسی ئەم وڵاتە ڕەش بکەن. سەرقاڵی ئامادەکردنی پاکێجێکی یارمەتی دارایین بە قەبارەی ١٠٠ ملیار لیرە بۆ هەموو کەرتێکی پیشەسازیی. لە پاکێجەکەدا شەش مانگ مۆڵەت دەدرێت بۆ دانەوەی قەرزەکە و ٣٦ مانگ بۆ تەواوکردنی و نرخی تێچووەکانی دابینکردنی داراییش کەمتر دەبێت لە مەرجەکانی بازاڕ".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "بە پێی هەر پیشەیەک، دەرفەتی پێدانی کرێدیت هەتا ئاستی ٥٠ ملیار لیرە دەخولقێنین. (بۆ پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان) پاکێجی پشتیوانی دارایی دەخەینە گەڕ و کارگە بچووک و ناوەندەکان کێشەی دابینکردنی کەفیل (دەستەبەر) بۆ وەرگرتنی کرێدتیان نابێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی تەناهی ناوچەکە کرد و گوتی: "لایەنگری ئاشتی، ئارامی، سەقامگیری و هەماهەنگی نێوان کۆمەڵگاکان لە ناوچەکەمانداین. باش دەزانین کە ئەگەر ئاگر، پێکدادان و یان جەنگ لە دەرەوەی سنوورەکانمان ڕوو بدات، ئەوە ئێمەش لێرە ناتوانین هەست بە ئارامی بکەین".
لەبارەی سووریاشەوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "وەک تورکیا لە ناخەوە هیوادارین کە لە دراوسێمان سووریادا، چی زووە بگەن بە ئاشتییەکی ناوخۆیی. هەر هەنگاوێک کە یارمەتیدەری ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا بێت و گەرەنتیکەری یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سیاسی وڵاتەکە بێت، بۆمان مەعقوڵ و پەسەندکراوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئەوانەی ئەمڕۆ و یان لە داهاتوودا دەست بۆ تیرۆر دەبەن و پشت بە تیرۆر دەبەستن، دەبێ بزانن کە هیچ کاتێک ئاکامی دڵخوازیان وەرناگرن".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها راشیگەیاند: "بە ڕێککەوتنی ئەم دوایانە لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گەلی سووریا کرایەوە. هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی بدات، ئەوە دەبێ وەڵامدەری ئاکامەکەشی بێت. تورکیا پێداگرانە بەرامبەر هەموو ئەوانە دەوەستێتەوە کە سوود لە پێکدادان دەبینن، وەبەرهێنان لە گرژییەکاندا دەکەن و ژیانی خەڵکیان بۆ گرنگ نییە و بازرگانی خوێنن".