دوو ھێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی ھەریر
قایمقامی ھەریر، شێروان جەلال: "ئەمڕۆ دوو ھێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی ھەریر ئەنجامدراوە و ھیچ زیانێکی نەبووە".
Arbil
هەولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە درێژەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دووجار ھێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی ھەریر لە پارێزگای هەولێر و بەھۆیەوە دووکەڵ لە ئاسمانی ناوچەکە بینرا.
قایمقامی ھەریر، شێروان جەلال بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە ئەمڕۆ دوو ھێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی ھەریر ئەنجامدراوە و ھیچ زیانێکی نەبووە.
شێروان جەلال جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە گومان دەکرێت ھێرشەکان بە دڕۆن ئەنجامدرابن و ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھێرشەکان بەراورد بە ھێرشەکانی پێشوو، بەھێزتربوون.
لەمیانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، نزیکەی ١٥ ھێرشی ھاوشێوە بۆسەر پارێزگای ھەولێر ھەبووە کە زۆرینەیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە لە ھەولێر.
ھاوکات بەیانی ئەمڕۆش جارێکی دیکە ھێرشێک کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و دواتریش گرووپێکی چەکداری شیعە بە ناوی (سەرایا ئەولیا دەم)، بەرپرسیارییەتی ھێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ جەنگێکی فراوان بە ھێرشی ھاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، وەکو وەڵامێکیش بۆ ھێرشەکان، ئێران بە مووشەک چەند بنکەیەکی ئەمریکای لە چەند وڵاتێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردە ئامانج.
لە ئەنجامی ھێرشەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، میدیای فەرمیی ئێران، کوژرانی ھەر یەک لە ڕابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازیی ڕاگەیاند.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
