Muhammed Semiz
11 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2021
رامەڵڵا - AA
بانگەشەی رەتکردنەوەی داواکاریی بەشدارییکردنی ئیمارات لە دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەھۆی ڤیتۆی فەڵەستینەوە پشتڕاستکرایەوە.
بەرپرسێکی فەڵەستینی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، زانیاری دا لەسەر بانگەشەکانی "رەتکردنەوەی داواکاری بەشدارییکردنی ئیمارات" کە لە میانی کۆبوونەوەکەی دوێنێی دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست خرایە بهرنامهی كارهوه.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئیمارات، داوای بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەکەی قاھیرەی پێشکەشکردبوو، بەڵام بەھۆی ئەوەی فەڵەستین مافی ڤیتۆی وەکو ئەندامی دامەزرێنەری دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەکارھێنا، داواکارییەکەی ئەبو زەبی رەتکرایەوە.
دامەزراوەی میدیایی گشتیی ئیسرائیل، ئەم بەیانییە لە ھەواڵێکدا دەنگۆی رەتکردنەوەی داواکاریی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەلایەن فەڵەستینەوه، بڵاوکردبوویەوە.
- داواکاری بەشدارییکردنی فەڕەنسا لە دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دوێنێ پەسەندکرا
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی نەوتی میسر لە راگەیەندراوێکدا کە دوای بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆبوونەوەی دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە دوێنێ ئەنجامدرابوو، ئاشکرایکرد، وڵاتانی ئەندام بەشدارییکردنی فەڕەنسایان وەک ھەشتەم وڵاتی ئەندام و ئەمریکاش وەکو چاودێری رێکخراوەکە، پەسەندکردووه.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی میسردا، زانیاریی لەسەر رەتکردنەوەی داواکارییەکەی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە دیدارەکەدا بڵاونەكرايەوە.
وەزیری وزەی ئیسرائیل، یوڤال شتاینتز، لە روونکردنەوەیەکیدا لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا، رایگەیاند وڵاتەکەی داواکارییەکی پێشکەشی ئیمارات کردووە بۆ بەشدارییکردن لە دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست.