22 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2020
تەرابلوس ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی لیبیا رایگەیاند كە سازكردنی دانیشتنی نائاسایی كۆمكاری عەرەبی سەبارەت بە رەوشی لیبیا، رەت دەكاتەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا، محەمەد قەبلاوی راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "دوای ئەوەی لە ناوەڕۆكی دانیشتنە نائاساییەكەی كۆمكاری عەرەبی ئاگاداربووین كە قاهیرە داوای سازكردنی كردووە، بەهەموو شێوەیەك سازكردنی دانیشتنەكە رەت دەكەینەوە".
محەمەد قەبلاوی ئاماژەی بەوە داوە كە دیاریكردنی وادەی سازكردنی دانیشتنەكە لەلایەن ئەمیندارێتی كۆمكاری عەرەبییەوە، پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی كۆمكاری عەرەبییە.
چەند رۆژێك لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی لیبیا، تاهیر سیالە رایگەیاندبوو كە بانگەوازەكەی میسر بۆ سازكردنی دانیشتنی نائاسایی كۆمكاری عەرەبی سەبارەت بە رەوشی لیبیا رەت دەكەنەوە.
پێشتر میسر داوای لە كۆمكاری عەرەبی كردبوو كە دانیشتنێكی نائاسایی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە سەبارەت بە پێشهاتەكانی لیبیا ساز بكات.
كۆمكاری عەرەبی، ئەمڕۆ دووشەممەی بۆ سازكردنی دانیشتنەكە دیاریی كردبوو، بەڵام دواتر یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی، حوسام زەكی رایگەیاندبوو كە لەبەر تەواونەكردنی ئامادەكارییەكان، دانیشتنەكە بۆ رۆژی سێشەممە دواخراوە.