Sarmand Hameed
13 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2018
ئیسلام ئاباد - AA
دادگای باڵای پاکستان بڕیاریدا بە بێبەشکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، نەواز شەریف لە وەرگرتنی هەر پۆستێکی گشتی لە وڵات تا لەژیاندا مابێت.
دادگای باڵای پاکستان بە پاڵپشتی سەرجەم دادوەرەکانی کە ژمارەیان پێنج دادوەرە بڕیارەکەی دەرکردووە.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتید پرێسی ئەمریکی، لە دەقی بڕیارەکەدا هاتووە "بەپێی دەستووری وڵات، هەر کەسێک کە لە لایەن دادگاوە بڕیاری ناشایستەیی لەبارەوە درابێت ناتوانێت جارێکی دیکە پۆستێکی گشتی وەربگرێتەوە".
مانگی تەمموزی رابردوو دادگای باڵای پاکستان نەواز شەریفی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ناشایستەیە" بەهۆی ئاشکرا نەکردنی سەروەت و سامانەکەی کاتێک کە پەراوی خۆکاندیکردنی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٣دا پێشکەش کردبوو.