Sarmand Hameed
22 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2020
بەغدا - AA
رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی رایگەیاند، ئێران هەرگیز کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لەبیرناکات و زەبری هاوشێوەی ئەوە لە ئەمریکا دەوەشێنێت.
عەلی خامنەیی لە تاران پایتەختی ئێران پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و شاندی یاوەری کرد.
بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی فەرمی خامنەیی بڵاوکراوەتەوە، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاندووە "ئێران هەرگیز نەیویستووە و نایەوێت دەست لە کاروباری عێراق وەربدات".
خامنەیی ئاماژەی بەوەشکردووە "دیدگای ئەمریکییەکان بەرامبەر بە عێراق تەواو پێچەوانەی دیدگای ئێمەیە، چونکە ئەمریکا بە مانای وشە دووژمنە و عێراقێکی سەربەخۆ و بەهێزی ناوێت کە خاوەنی حکوومەتێک بێت لەسەر بۆچوونی زۆرینە پێکهێنرابێت".
خامنەیی راشیگەیاندووە: "بوونی ئەمریکا لە هەر وڵاتێکدا سەرچاوەی گەندەڵی و وێرانکارییە".
خامنەیی ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێران پێشبینی دەکات کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری حکوومەت و گەل و پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکرێت و بەگوتەی خامنەیی بوونی ئەمریکا بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایش لە عێراق.
رۆژی پێنجی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی لەسەر پێشنیازە بڕیارێک دا بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
ئەم بڕیارە دوای دوو رۆژ لە کردنە ئامانجی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کوژران.
رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی رووی قسەکانی کردە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و گوتی: "(ئەمریکا) میوانەکەت (قاسم سولەیمانی)یان لە ماڵەکەدا کوشت و بە ئاشکرا دانیان نا بەو تاوانە، ئەمە کارێکی هەروا ئاسان نەبوو".
عەلی خامنەیی گوتیشی: "ئێران هەرگیز ئەمە لەبیر ناکات و بەدڵنیاییەوە زەبری هاوشێوەی ئەوە لە ئەمریکا دەوەشێنێت".
ئەمریکا، گرووپە چەکدارەکانی شێعە پاڵشتیکار لەلایەن ئێرانە بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا و ئەو بنکە سەربازیانەی کە هێزەکانی ئەو وڵاتە تیایدا جێگیرکراون، تۆمەتبار دەکات.
رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی راشیگەیاندووە کە تاران پشتیوانی لە حکوومەتەکەی کازمی دەکات وجەختی لە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندیییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی لەسەرجەم بوارەکاندا کردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا گەیشتبووە تاران پایتەختی ئێران.
بڕیار بوو یەکەم وێستگەی سەردانی کازمی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ سعوودیە بێت، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز، سەردانەکەی کازمی بۆ ریاز بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.