Menna Ahmed
04 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2019
تاران ــ AA
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند وڵاتەكەی لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمی نزیكبووەتەوە لە هەنگاوی سێیەم، ئەویش بە هۆی ئەوەی لایەنەكانی ئەورووپا پابەندی بەڵێنەكانیان نیین سەبارەت بە رێككەوتنەكە.
كەناڵی ئاسمانی "ئەلعالم"ی ئێرانی بڵاویكردەوە، حەسەن روحانی لە میانی كۆبوونەوەی حكوومەتەكەی بەدووری زانیوە ئێران ئەمڕۆ یان سبەی بگات بە رێككەوتنێك لەگەڵ ئەورووپا سەبارەت بە چارەنووسی رێككەوتنی ئەتۆمی كە لە ساڵی ٢٠١٥دا واژووكراوە و گوتی:
"ئێران لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمی، هەنگاوی سێیەم رادەگەیەنێت كە ئەو هەنگاوەش، بەندی زۆر گرنگ لەخۆ دەگرێت، هەروەها دەبێتە مایەی خێراتركردنی چالاكییەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران".
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە كە دوو مانگی دیكە وەك مۆڵەت دەدەن بە وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی رزگاربكەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشتر تاران دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی كە لە ساڵی ٢٠١٥دا كە لە نێوان وڵاتانی گرووپی پێنج كۆیەك و ئێراندا واژوو كرابوو، هەنگاوی یەكەم و دووەمی بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێكرد بەرلەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزبكاتەوە.