Zana Natık Kerem
19 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2019
تاران ــ AA
وەک ئاماژەیەک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند کە ئامادەیی دانوستانن، بەڵام ناچنە ژێرباری ئەو لایەنانەی کە زۆردارنە مامەڵە دەکەن.
حەسەن روحانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوان، رۆشنبیر و ھونەرمەند لە تارانی پایتەخت گوتی: "ئێمە ئەو لایەنەین کە داوای گفتوگۆ و دانوستان دەکەین، بەڵام ئەوەی ئێران بەزۆر بباتە سەر مێزی دانوستانێک کە ھیچ ئەنجامێکی نەبێت، ئەوا ئێمە بەھیچ شێوەیەک ئامادەی ئەو جۆرە دانوستانانە نین، تەنانەت ئەگەر ھەموو ھێزەکانی جیھان لەسەری ھاوڕا و کۆکبن".
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی تیشکی خستە سەر ئەو سەرکەوتنانەی کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵەی "پێنج کۆ یەک" بەدەستھێناوە و گوتی: "لە چوارچێوەی دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمییدا، توانیمان حەوت بڕیار ھەڵبوەشێنینەوە کە لە یەک رۆژدا لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەرکرابوون".
ھەفتەی رابردوو ئاژانسی ھەواڵیی "ئیسنا" بڵاویکردبوویەوە، بەرپرسێک لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندووە کە تاران ھەندێک لە بڕیارەکانی نێو رێککەوتنی ئەتۆمی ھەڵپەساردووە.