ئەنقەرە - AA
لە کاتێکدا ٥٠٠ رۆژ تێپەڕیوە بەسەر ئەو جەنگەی دژبە ئۆکراینا هەڵیگیرساندووە، رووسیا لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، هێرشەکانی بۆسەر ئەو وڵاتە زیاد کردووە، هاوکات بە یاخیبوونی جەنگاوەرە بەکرێگیراوە رووسەکان دژبە حکوومەتی مۆسکۆ، ململانێیەکی ناوخۆیی خوێناوی سەریهەڵدا.
ئەو جەنگە کە بە فەرمانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەستی پێ کرد، بەتوندی بەردەوامە بەتایبەتی لە ناوچەی دۆنباس رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
ڤلادیمیر پوتین بەیانی رۆژی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ لە رێگەی تەلەڤیزیۆنەوە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە ئۆکراینا راگەیاند.
سەرۆکی رووسیا باسی لە هۆکاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەناو ئیدارەی جوداخواز داوای هاوکاری سەربازیی لە رووسیا کردووە و گوتی: ''ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاراستنی ئەو کەسانەیە کە هەشت ساڵە لەلایەن رژێمی کیێڤ-ەوە رووبەڕووی جینۆساید و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە. هەوڵ دەدەین ئەوانەی تاوانی خوێناوییان دژبە هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامداوە بە هاووڵاتییانی فیدراسیۆنی رووسیاشەوە، رووبەڕووی دادگا بکەینەوە و ئۆکراینا لە نازیزم و میلیتاریزم داماڵین''.
- سەربازانی رووسیا کە چوونەتە ئۆکرایناوە کیێڤ-یان گەمارۆ دا
یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە ناوچەکانی دۆنێتسک و ڵوهانسک رۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە چووە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی کیێڤ و لە هەمان کاتدا لە سنووری رووسیاوە چوونە ناوچەکانی خارکێڤ، سومی و چیرنیهیڤ و لە بێلاڕووسیشەوە چوونە ناوچەی چەرنۆبیل.
سوپای رووسیا کە لە رێگەی نیمچە دوورگەی کریماوە راستەوخۆ چووە ناوچەکانی خێرسۆن و مێلیتۆپۆل لە رێگەی ئاسمانیی و زەمینیەوە سەربازی رەوانە کرد و کیێڤ-ی گەمارۆ دا.
هەروەها سوپای رووسیا لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا، هێزە چاوترسێنە ستراتیجییەکانی کە چەکی ئەتۆمی و هایپەرسۆنیک لەخۆ دەگرێت، گۆڕی بۆ ئەرکێکی جەنگیی تایبەت.
- کشانەوە لە ناوچەکانی کیێڤ و چیرنیهیڤ
لە مانگی دووەمی جەنگەکەدا، سەربازانی رووسیا لە ناوچەکانی کیێڤ و چیرنیهیڤ کشانەوە. دوای کشانەوەکەش حکوومەتی کیێڤ سەربازانی رووسیای بە ئەنجامدانی کۆکوژی لە شارەکانی بوچا و ئیرپین تۆمەتبار کرد، رووسیاش ئەو تۆمەتانەی بە ئیستفزازکردن ناوزەند کرد.
پاشان بە مووشەک هێرش کرایە سەر وێستگەی شەمەندەفەری شاری کراماتۆرک سەربە ناوچەی دۆنێتسک و بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون، هەریەک لە رووسیا و ئۆکراینا یەکتریان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
لە مانگەکانی سەرەتای جەنگەکەدا، رووسەکان لە دوای بێردیانسک شاری ماریوپۆل-یان کۆنترۆڵ کرد، بەوەیش ئۆکراینا پەیوەندی بە دەریای ئازۆڤ-ەوە پچڕا.
- جەنگەکە گەیشتە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا
لە مانگی نیساندا، رووسەکان شەڕ و پێکدادانەکانیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا چڕکردەوە، بە ئامانجی ئازادکردنی دۆنباس چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کۆنترۆڵ کرد، بەڵام نەیانتوانی پێشڕەوی زۆر بکەن.
سوپای رووسیا ناو بە ناو بە مووشەکی دوور مەودا و هەستیاری باڵا، ئامانجە ستراتیجییەکانی لە ئۆکراینا بۆردومان دەکرد. لە بەرامبەردا ئەمریکا و ئەورووپا پشتیوانیکردنیان بۆ ئۆکراینا لە رووی پێدانی چەک زیاد کرد، کار گەیشتە ئەوەی پێشڕەوی سوپای رووسیا لە خاکی ئۆکراینادا گەیشتە خاڵی وەستان.
هێزەکانی ئۆکراینا بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر ناوەندی ئەو شارانەی سوپای رووسیا کۆنترۆڵیان کردبوون. بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیا و ئۆکراینا بۆسەر یەکتری زیانی گیانیی مەدەنی کەوتەوە.
- ناوچەی خارکێڤ کەوتەوە دەست کیێڤ
ناوچەکانی سومی و دەوروبەری لە باکووری ئۆکراینا لە مانگی حوزەیراندا کەوتنەوە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی کیێڤ.
سوپای ئۆکراینا کە سەرلەنوێ خۆی کۆکردەوە لە مانگی ئەیلوولدا رایگەیاند کە دەستی بە هێرش کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری خارکێڤ کە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیە.
حکوومەتی کیێڤ توانی شارە گەورەکانی وەک ئیزیوم، بالاکلیا، کوپیانسک و زیاتر لە ٣٠٠ ناوچەی نیشتەجێبوون کۆنترۆڵ بکاتەوە و لە بەرامبەردا، رووسیا رایگەیاند کە خۆیان لەو ناوچانە کشاونەتەوە.
- رێککەوتنی گواستنەوە دانەوێڵە کە رێگری کرد لە سەرهەڵدانی قەیرانی دانەوێڵە
لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٢دا، لەژێر چاودێریی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا و رووسیا و ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەنامەی هەوڵی ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە واژوو کرد.
- راگەیاندنی سازدانی سەربازیی رێژەیی لە رووسیا
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە ٢١ی ئەیلوولدا، سازدانی سەربازیی رێژەیی راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی رووسی لە خزمەتی سەربازیی وەرگیران، ژمارەک هاووڵاتییش وڵاتیان جێهێشت.
- دیل گۆڕینەوە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا و رۆڵی تورکیا
لە ئەنجامی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجامیدا لە ٢٢ی ئەیلوولدا، ئەو دوو وڵاتە ٢٠٠ دیلی جەنگیان گۆڕییەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا سەرکردەی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئۆکراینا، ڤیکتۆر مێدڤێدچوک کە بە نزیکی لە پوتین ناسراوە، رادەستی رووسیا کرا.
لە دوایین کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەردۆغان لە ئیستانبوڵ، زێلێنسکی بابەتی دیل گۆڕینەوەی تاوتوێ کرد.
دوای ئەنجامدانی گشتپرسی نایاسایی لە دۆنێتسک، ڵوهانسک، زاپۆریژییا و خێرسۆن کە زۆربەی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان دا بە لکاندنی ئەو ناوچانە بە رووسیا، پوتین رێککەوتننامەی لکاندنی ئەو ناوچانەی ئۆکراینای بە رووسیاوە واژوو کرد. بەم جۆرە لە دوای کریما رووسیا لەسەدا ١٥ی دیکەی خاکی ئۆکراینای بە نایاسایی بە خۆیەوە لکاند.
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئەورووپا چواری ئادار کەوتە دەست رووسیا و لە دەوروبەری وێستگەکەدا پێکدادانی سەخت رووی دا لە کاتێکدا زێلێنسکی بانگەشەی ئەوەی کردووە ماددەی هاوشێوەی تەقەمەنی لە میچی وێستگەکە لەلایەن رووسیاوە داندراونەتەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ وزەی ئەتۆم رایگەیاند کە تا ئێستا هیچ جۆرە مین و تەقەمەنییەک لە وێستگەکە نەدۆزراوەتەوە.
لە میانی پێکدادانەکاندا پردی کریما لەسەر گەرووی کەرچ لە هەشتی تشرینی یەکەم تەقێندرایەوە و ئۆکراینا لە ٢٩ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر هێزە دەریاییەکانی رووسیا لە سیڤاستۆپۆل.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە ٢٤ی ئایار رایگەیاند، ئۆکراینا لە رێگەی کەشتیی بێ کەشتیوان لە دەریای رەش هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر ئەو کەشتییە رووسییەی ئاسایشی تەوژمی شین و تەوژمی تورک دەپارێزێت. لەلایەکی دیکەوە رووسیا رایگەیاند کە دوا کەشتی جەنگیی ئۆکراینایان لە کۆتایی مانگی ئایار لە بەندەری ئۆدیسا تێکشکاندووە.
رووسیا دوای تەقاندنەوەی پردی کریما هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر ئۆکراینا چڕ کردەوە و بە تایبەت ژێرخانی مەدەنیی ئەو وڵاتەی بە ئامانج گرت و بەم هۆیەوە پچڕانی کارەبا دەستی پێ کرد.
دوای ئەوەی ئۆکراینا بە هاوکاری ئەورووپا و ئەمریکا دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد لە ٢٩ی ئاب، هێزەکانی رووسیا لە خێرسۆن کشانەوە.
دوای ئەوەی لە ١٥ی تشرینی دووەم مووشەک کە نەزاندرابوو لە کوێ ئاراستە کرابوو لە گوندی پروزەدۆو لە پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ کەوتەخوارەوە و دوو کەس گیانیان لەدەست دا، سەرنجی تەواوی جیهان چووە سەر ئەو وڵاتە. هەرچەند بانگەشەی ئەوە کرا کە مووشەکەکە رووسیی بووە، بەڵام رووسیا ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە و لای خۆیشیانەوە ناتۆ و پنتاگۆن پشتڕاستیان نەکردەوە کە مووشەکەکە رووسیی بووبێت. دەرکەوت مووشەکەکە بە مەبەستی رێگەگرتن لە هاتنی مووشەکی رووسیا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە ئاراستە کراوە.
هەرچەند بە پاساوی "هێرشکردنە سەر پردی کریما و بنکەی سەربازیی دەریایی سیڤاستۆپۆل لەلایەن ئۆکرایناوە"، رووسیا ویستی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە هەڵپەسێرێت، بەڵام بە دەستپێشخەری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو کێشەیە چارەسەر کرا و رێککەوتننامەکە بۆ ١٢٠ رۆژی دیکە درێژ کرایەوە. دواجار دیسانەوە بە دەستپێشخەری ئەردۆغان لە ١٧ی ئایار رێککەوتننامەکە بۆ ماوەی ٦٠ رۆژی دیکە درێژ کرایەوە.
بەهۆی رێککەوتننامەکەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٣ ملیۆن تۆن دانەوێڵە گوازراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستییان پێیەتی، هەروەها ئەردۆغان و پوتین گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ رەوانەکردنی پەیین و دانەوێڵە بۆ وڵاتانی هەژار.
ئۆکراینا لە پێنجی کانوونی یەکەم لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ئەنگێڵس لە ناوچەکانی دیاگیلەڤۆ و ساراتۆڤ لە ناوچەی ریازان لە رووسیا. ئۆکراینا رۆژی دواتر بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر عەمبارەکانی نەوت لە فڕۆکەخانەی سەربازیی لە شاری کورسک.
لە دوا شەوی ٢٠٢٢ سوپای رووسیا هێرشی ئاسمانیی مووشەکیی کردە سەر کیێڤ-ی پایتەخت، چیرنیهیڤ، سومی، همێلنیتسکی، دۆنتێسک، زاپۆریژییا، مایکۆڵایڤ و خێرسۆن و بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بەر ژێرخانی وزە گەیشت.
لە مۆسکۆ دیمەنی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی لە میچی باڵەخانە ستراتیجییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە.
سوپای ئۆکراینایش لە شەوی سەری ساڵدا لە رێگای سیستەمی مووشەکیی فرەهاوێژەوە، هێرشی کردە سەر یەکەی کاتی جێگیرکراوی رووسیا لە نزیک ماکەیەڤکا لە ناوچەی دۆنێتسک. لە بەرامبەردا رووسیا هێرشی کردە سەر کراماتۆرسک و بەم هۆیەوە سەدان سەرباز لە هەردوولا کوژران.
رووسیا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ئایینی کریسمس لەلایەن ئۆرتۆدۆکسەکان داوای ئاگربەستی لە ئۆکراینا کرد. پوتین لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەشی کانوونی دووەمەوە بۆ ماوەی ٣٦ کاتژمێر ئاگربەستی کاتی تاکلایەنەی راگەیاند.
ئۆکراینایش بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە بۆ ئاگربەست رووسیا ئەو ناوچانە جێ بهێڵێت کە دەستی بەسەردا گرتوون، گوێی نەدا بە ئاگربەستەکە.
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا، سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا، ڤالێریی گەراسیمۆڤ لە پۆستی فەرماندەی هێزە سەربازییە هاوبەشەکانی بەرپرس لە "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت" لە ئۆکراینا دامەزرێنرا.
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە جۆری "MQ-9" کە بەسەر دەریای رەشدا دەفڕی، لە ئەنجامی هەراسانکردنی فڕۆکەکانی رووسیا هاوسەنگی لەدەست دا و کەوتە ناو دەریاوە.
لە سێی ئایاری ٢٠٢٣دا، کرملین بڵاوی کردەوە کە ئۆکراینا هەوڵی داوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش بکاتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە کۆشکی کرملین. لە بەرامبەردا ئیدارەی ئۆکراینا رایگەیاند کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو هێرشانە نییە.
گرووپی ڤاگنەری رووسی کە لە ساڵی رابردووەوە گەمارۆی شاری باخموت-ی دابوو لە ناوچەی دۆنێتسک لە ٢١ی ئایاردا، تەواوی شارەکەی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
لە میانی پێکدادانەکانی شاری باخموت-دا، دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر، یەڤگێنی پریگۆجین رەخنەی لە سوپای رووسیا و وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو گرت بە بیانووی ئەوەی کە تەقەمەنییان بۆ دابین نەکردووە.
دوای گرتنی شاری باخموت لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە، گرووپە تێکدەرەکانی ئۆکراینا چوونە ناوچەی بەلگۆرۆد لەسەر سنووری رووسیا و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی رووسیا شەڕوپێکدادان رووی دا. مۆسکۆ ئەو کارەی هێزەکانی ئۆکراینای بە "هێرشی تیرۆریستی" ناو برد.
دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر کۆشکی کرملین، هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆسەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەستی پێ کرد. لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣دا، هەشت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر مۆسکۆ و شارۆچکەکانی دەوروبەری. زیانێکی کەم بەر هەندێک بینا کەوت. کیێڤ رایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە.
لە چواری حوزەیرانەوە سوپای ئۆکراینا هێرشێکی بەرفراوانی بەرپەرچدانەوەی بۆسەر سوپای رووسیا دەست پێ کرد. هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە، بەڵام رووسەکان هەندێک شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەست دا کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوون.
وێستگەی کارۆئاوی و بەنداوی کاخۆڤکا لە ناوچەی خێرسۆن لە شەشی حوزەیراندا تەقییەوە. ئۆکراینا و رووسیا یەکتریان بە تەقاندنەوەی بەنداوەکە تۆمەتبار کرد. سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد. دوای تەقینەوەی بەنداوەکە، هەندێک شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچەی خێرسۆن ژێرئاوکەوتوون و بەم هۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەست دا.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بێلارووسی ئاگادار کردەوە کە لە مانگی تەمووزەوە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەو وڵاتە جێگیر دەکەن. سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ-یش لەم دواییانەدا رایگەیاند کە ئەو چەکانە لە وڵاتەکەی جێگیر کراون.
چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر بە سەرۆکایەتیی دامەزرێنەری گرووپەکە، یەڤگێنی پریگۆجین شاری رۆستۆڤ ئۆن دۆن-یان لە نزیک سنووری رووسیا کۆنترۆڵ کرد و دەستیان بەسەر بارەگای ناوچەی سەربازیی باشووری رووسیادا گرت. کۆمەڵێک لە چەکدارانی ڤاگنەریش بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن.
لە کاتێکدا کە دامەزراوەی ئاسایشی فیدراڵیی (FSB) دۆسیەیەکی لە دژی ڤاگنەر بەتۆمەتی "یاخیبوونی چەکداریی" کردەوە، هەوڵەکە بە دەستێوەردانی سەرکۆماری بێلاڕووس، لۆکاشینکۆ کۆتایی هات. بەم شێوەیە قەیرانەکە چارەسەر بوو.
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ١١ ملیۆن ٦٠٠ هەزار کەس لە ئۆکراینا ئاوارە بوون کە پێنج ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسیان ناچار بوون پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دراوسێ.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا لانیکەم هەشت هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لە جەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ١٣ هەزار هاووڵاتیش برینداربوون.
لە کاتێکدا جەنگ بەردەوام بوو، شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا بۆ ئاگربەست چوار جار دانوستانی رووبەڕوویان ئەنجام دا کە سێ جاریان لە بێلاڕووس و جارێکیان لە تورکیا بوو.
هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەلایەن رای گشتیی جیهانەوە بەرز نرخێندرا.
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا لە بوارە جیاجیاکانی وەک دارایی، وزە، گواستنەوە، کۆنترۆڵی هەناردەکردن و دارایی، پێدانی ڤیزا سزای نوێیان بەسەر رووسیادا سەپاند.
لە ماوەی جەنگەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا ١١ پاکێجی سزای بەسەر رووسیادا سەپاند و بڕیاری دا زیاتر لە هەزار کەس و زیاتر لە ٢٠٠ دامەزراوە سزا بدات.
لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا زیاتر لە هەزار کۆمپانیای نێودەوڵەتیی رووسیایان بەجێهێشت و بایکۆت یان چالاکییەکانیان سنووردار کرد.
news_share_descriptionsubscription_contact

