لاگۆس
دوای ئەوەی حەفتەی رابردوو حکومەتی نێجیریا بە رەسمی کوشتنی سەرۆکی گروپی بۆکۆ حەرام ئەبوبەکر شیکاوی راگەیاند، کەسێک گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکا کە ناوبراو سەرکردەی بۆکۆ حەرامە.
رۆژنامەی دەیلی ترەست کە رۆژنامەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە، ئاماژە بەوە دەکا کە گرتە ڤیدیۆییەکە ٣٦ دەقەیە، بەڵام نازانرێ کەی بڵاوکراوەتەوە.
بەجیا ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی کە لێکچوونی زۆر هەیە لە نێوان ئەو کەسەی ناو گرتە ڤیدیۆییەکە و ئەبوبەکر شیکاویدا.
سوپای نێجیریا رایدەگەیەنێ کە ماوەیەکە شیکاوی مردووە و کەسێک هەیە لاسایی ناوبراو دەکاتەوە بە ناوی محەمەد بەشیر، کە هاوکات ئەویش مانگی رابردوو لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا کوژراوە .
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کریس ئۆلوکۆلادە رایدەگەیەنێ، کە هێشتا ئەو گرتە ڤیدیۆییەی نەبینیوە و لە ماوەیەکی کورتدا وەڵامیان دەستدەکەوێ.
نێجیریا ماوەی پێنج ساڵە رووبەڕووی گروپی بۆکۆ حەرام دەبێتەوە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە سەریانهەڵداوە و بەناو بەشەکانی دیکەی نێجیریادا بڵاوبوونەتەوە.
بۆکۆ حەرام لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چەندین هێرشی ئەنجامداوە و بەهۆیەوە زیاتر لە چوار هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش لەماڵ و حاڵی خۆیان بوونە.