Zana Natık Kerem
20 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2017
لە میانی یەکەمین گەشتی بۆ دەرەوە لە دوای دەست بەکاربوونی وەک سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە.
دۆناڵد ترەمپ و شاندی یاوەری لە فڕۆكەخانەی شا خالیدی نێودەوڵەتی لە ریاز لەلایەن شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز پێشوازیان لێکرا.
بەپێی زانیارییەكان هەر ئەمڕۆ شەممە، بە ئامادەبوونی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و دۆناڵد ترەمپ لووتكەی سعوودیە ــ ئەمریكا بەڕێوەدەچێت كە تیایدا جەخت دەكاتە لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، و ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و هەروەها لە میانی لووتكەكەدا، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی تاوتوێ دەكرێت.
هەر ئەمڕۆ لە میانی سەردانەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سعوودیە، سێ لووتكە لە سعوودیە بەڕێوە دەچێت كە تیایدا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو و سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كۆدەبێتەوە.
بڕیارەیشە ٥٥ سەركردە و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەو سێ لووتكەیەدا بەشدار بن.
ئەمە یەكەم سەردانی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپە كە بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەنجامی بدات لەو كاتەی لە ٢٠ی مانگی كانوونی دووەمی رابردوو بووەتە سەرۆكی ئەمریكا.