Hakan Çopur,Rewa Mahmood Hasan
25 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لەسەر گرژییەکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوام کۆنگرێس ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام بۆ هەر هێرشێک کە وڵاتەکەیان دەکاتە ئامانج، ئەوا پێویستیان بە رەزامەندی کۆنگرێس نییە.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ سایتی ئینتەرنێتی زە هیڵ، باسی لە گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەسەڵاتی هیچ جۆرە هێرشێکی هەیە بۆسەر ئێران بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس یاخود نا لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ دەسەڵاتی ئەمەم هەیە".
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: "لەبارەی ئەو شتانەی لەگەڵ ئێران دەیکەین بەردەوام کۆنگرێس ئاگادار دەکەینەوە، وابزانم رێز لەمە دەگرن. دەمەوێت زانیاریان بدەمێ بەردەوام، بەڵام هیچ زۆرەملێیەکی یاساییم لەسەر نییە بۆ ئەمە".
لەکاتێکدا پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران، نانسی پیلۆسی رایگەیاندبوو، دەبێت دۆناڵد ترەمپ پێش ئەوەی لە ئێران بدات مۆڵەت لە ئێمە وەرگرێت لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لەگەڵ ئەمەدا نیم؛ زۆر کەس لەگەڵ ئەمەدا نییە".
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە زۆر نزیکبوویەوە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئێران و گوتی: "بەڵام دواتر بڕیارم دا ئەمە نەکەم، بڕیارەکەم تا شوێنێک دەدا، بەڵام دواتر بڕیارم دا نەیکەم چونکە گونجاو نەدەبوو".