لەندەن
حکومەتی بەریتانیا بۆ زیاتر بههێزكردنی ھەڵمەتی پشتگیریکردن لە کوردستان لە بەرامبەر داعش، ژەنەراڵ سێر سیمۆن مایلەری وەکو نوێنەری ئەمنی بەریتانیا روانەی کوردستان کرد.
بە پێی لێدوانێکی چاپەمەنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا، دەستنیشانکردنی ژەنهڕاڵ سێرسیمۆن مایلەر وەکو نوێنەری ئەمنی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆی زیاتر بەھێزکردنی ھەوڵەکانی پشتگیریکردن لە کوردستان لە شەڕی دژی داعش.
لە بەشێکی دیکەی ئەو لێدوانەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ ئەو پۆستە ژەنهڕاڵ سێر سیمۆن مایلەری پێشنیار کردووە.
مایلەر حاڵی حازر راوێژکاری باڵای حکومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری بەرگری رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و پۆستی نوێنەرایەتی ئەمنی بەریتانیایش لە کوردستان وەردەگرێ، مایلەر لە لایەکەکەوە ھاوکاری ھێزە کوردییەکان بۆ شەڕی دژی داعش دەکا و لە لایەکی دیکەیشەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ عێراق کار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەکا.
چاوەڕوان دەکرێ حەفتەی داھاتوو مایلەر سەردانی ھەولێر و بەغدا بکا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆببێتەوە و ھانی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بدا کە بە یەکدەنگی و یەک ھەڵوێستی شەڕی داعش بکەن کە دوژمنی ھاوبەشی ھەمووانە.