كابول
ھێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، نۆ ھاوڵاتی پاكستانیان كە لە بەندیخانەی بەگرام گیرابوون ئازاد كرد.
گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری ئەفغانستان ئیمەل فەیزی رایگەیاند، پاكستانییەكان لە بەندیخانەی بەگرامی شاری پەرڤانی ئەفغانستان ئازاد كران و جەختی لە پێویستی روونكردنەوەی ئەمریكا لەمبارەیەوە كرد.
فەیزی ئاماژەی بەوەدا ئەو ھێرشانەی لە ئەفغانستان ئەنجام دەدرێن لەلایەن ھاوڵاتییانی پاكستانییەوە رێبەری دەكرێن و گوتی: "ئەو ھاوڵاتییە پاكستانیانەی كە ئازاد كراون، لەوانەیە دووبارە بەشداری لە شەڕوپێكدادانەكان بكەن و ببن بە ھۆكاری زیادبوونی ناسەقامگیریی لە ئەفغانستان."
فەیزی جەختی لەوە كردەوە، پێویستە ئەمریكا زانیاریمان پێ بدات، ئەو ھاوڵاتییە ئازاد كراوانەی پاكستان، كەی و لە كوێ دەستگیر كراون و ئێستا بۆ چی ئازاد كران.
بەندیخانەی بەگرام لە ساڵی 2001 لەلایەن ھێزەكانی ئەمریكی، لە گەورەترین فڕۆكەخانەی سەربازی، لە بنكە سەربازییەكانی ھێزەكانی ئەمریكی، دروست كرا. ئەو كەسانەی كە لەلایەن سەربازەكانی ئەمریكی بە تۆمەتی تیرۆریستی دەستگیر دەكران، دەخرانە بەندیخانەی بەگرام. هاوشێوەی بەندیخانەی گووانتانامۆ و ئەبو غریب لە عێراق بوو و لە ساڵی 2013 كۆنتڕۆلەكەی رەوانەی حكومەتی ئەفغانستان كرا. بەڵام ئەو بەشەی كە گیراوە بیانییەكانی تێایدابوو ھەر لە ژێر كۆنترۆڵی ھێزەكانی ئەمریكی دابوو.
حكومەتی ئەفغانستان بۆ لێپێچینەوە و لێكۆڵینەوەی دۆسیەی گیراوەكانی ئەم بەندیخانەیە لیژنەیەكی دامەزراندبوو. لە ماوەی ساڵێكدا بە سەدان گیراو كە تاوانەكانیان لەسەر نەسەلمێنراوە، ئازاد كران.