سياسەت, جيهان

بەریتانیا سووتاندنی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا ئیدانە كرد

باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق: "پەلاماردان و سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، بەتوندی ئیدانە دەكەین".

Zana Natık Kerem  | 18.10.2020 - نوێکردنەوە : 20.10.2020
بەریتانیا سووتاندنی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا ئیدانە كرد

Arbil

هەولێر ــ AA

باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند كە پەلاماردان و سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، بەتوندی ئیدانە دەكەن و جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە ناكۆكییە سیاسییەكان، تەنها لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەكرێن.

دوای ئەوەی دوێنێ‌ شەممە لایەنگرانی حەشدی شەعبی، پەلاماری بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان-یان لە بەغدا و دا و بارەگاكەیان سووتاند، ئەمڕۆ یەكشەممە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق توێتێكی لەسەر ئەو رووداوە بڵاوكردەوە.

لە تویتەكەدا نووسراوە "بەتوندی پەلاماردان و سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان ئیدانە دەكەین".

هەروەها نووسراوە "ناكۆكییە سیاسییەكان تەنها لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەكرێن كە خاڵێكی سەرەكییە لە پرۆسەی دیموكراتی نەوەك توندوتیژی، جگە لەوەیش حكوومەتی بەریتانیا خۆشحاڵە بەو هەنگاوانەی كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە، نراون".

دوێنێ‌ شەممە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتی لەهەمبەر لێدوانێكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھۆشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق خۆپیشاندانیان ساز كرد.

لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی كەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنرا.

پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە لەسەر رووداوی هێرشكردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، 15 كەس دەستگیركراون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن