Zuhal Demirci
06 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2022
لەندەن - AA
بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە ناچارکرا دەست لەکار بکێشێتەوە بۆ دوایین جار وەک سەرۆکوەزیران گوتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد و بەڵێنی دا، پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی نوێ، لیز تراس و حکوومەتەکەی بکات.
بۆریس جۆنسۆن پێش ئەوەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە شاژنی بەریتانیا، ئەلیزابێسی دووەم بکات کە بۆ بەسەربردنی پشوو لە سکۆتلاندە، بۆ دوایین جار لەبەردەم نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران وەک سەرۆکوەزیران گوتارێکی پێشکەش بە گەلی بەریتانیا کرد.
بۆریس جۆنسۆن بە کورتی باسێکی لە کارەکانی حکوومەتەکەی کرد لەو ماوەیەی کاری کردووە و بە شانازییەوە باسی لە هەوڵەکانی کرد لە بارەی جێبەجێکردنی برێگزیت، دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەخێرایی، هەڵوێست وەرگرتن دژبە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین.
جۆنسۆن لە گوتارەکەیدا، باسی لە قەیرانی وزە کرد و گوتی: ''دەزانم لیز تراس و حکوومەتە میهرەبانەکەی پارتی پارێزگاران ئەوەی لەدەستیان بێت ئەنجامی دەدەن بۆ دەرهێنانی خەڵک لەم قەیرانە. ئەم کەسانە بە توانان و ئێمە سەردەکەوین''.
گوتیشی: ''ئەگەر پوتین پێیوایە بە ئیستیفزازکردن و ستەم سەردەکەوێت بەسەر گەلی ئینگلیزدا، ئەوا تەواو فریوی خواردووە''.
بۆریس جۆنسۆن سەبارەت بە سەرۆکوەزیرانی نوێى وڵاتەکەی، لیز تراس و ئەو حکوومەتەی دروستی دەکات، گوتی: ''لە هەرهەنگاوێکیدا پشتیوانی لە لیز تراس و حکوومەتی نوێ دەکەم''.
جۆنسۆن باسی لەوە کرد کە بەریتانیا یەکە و باوەڕی بە هێزی یەکگرتوویی هەیە و ئەوانەشی هەوڵی تێکدانی ئەم یەکگرتووییە دەدەن هەرگیز سەرکەوتوو نابن.
بۆریس جۆنسۆن لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سوپاسی دەنگدەرانی کرد کە دەرفەتیان داوە بە پارتەکەی و خۆیشی تا خزمەتی گەل بکەن.