تاران – سەید محەممەد هادی مووسەوی
میدیاکان رۆژی هەینی چواری شوبات رایانگەیاند کە ئەمریکا بە مەبەستی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ناوەکی لەگەڵ ئێران، بەشێک لە گەمارۆکانی دژ بەو وڵاتە هەڵپەساردووە. ئەو بڕیارە لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن و بەر لە چوونی بۆ ڤیەننا پایتەختی نەمسا و بەشداری لە گەڕی کۆتایی دانوستانەکان وڵاتانی (٤+١) لەگەڵ ئێران راگەیەندرا.
بە پێی ئەو راپۆرتانە، بەخشینی گەمارۆکان هەرچەشنە هەڕەشەیەک دژبە کۆمپانیاکانی چین و رووسیا و هەروەها ئەورووپا کە بواری مەدەنی پرۆگرامی ناوەکی ئێران بەشدارن، ناهێڵێت. ئاسۆشەیتد پرێس لەمبارەیەوە رایگەیاند کە ئەم بەخشینە “هەنگاوێکە بۆ هاندان”ی ئەران بە مەبەستی پابەندبوونی بە رێکكەوتننامەکانی پەیوەندیدار بە پرۆگرامی ناوەکی.
بەخشینی گەمارۆکان کە بە هۆی پرۆگرامی ناوەکییەوە بەسەر ئێراندا سەپێندرابوو لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆکان جیاوازە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەم بارەیەوە رایگەیاندبوو کە “ئێمە گەمارۆکانی سەر ئێرانمان هەڵنەگرتووە و هەڵیناگرین تا ئەو کاتەی کە ئێران پابەندی هەموو بەڵێنەکانی بێت کە لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا رایگەیاندووە. ئێمە هەمان کارمان کرد کە حکوومەتی بەرلە ئێمەش ئەنجامی دابوو. ئێمە رێگەمان بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دا کە لە پرسی پەرەپێدان بە دروستکردنی چەک و ئاسایشی ناوەکی بکۆڵنەوە”.
ئەو لێخۆشبوونانە بۆ ماوەیەکی زۆر دوای دەرچوونی ئەمریکاش لە دانوستانەکانی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ ئێران بەردەوام بوو، تا ئەو کاتەی کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ وەلا نرا. بەڵام ئانتۆنی بڵینکن جارێکی دیکە لێخۆشبوونەکانی نوێ کردەوە.
لێخۆشبوونەکان جارێکی دیکە رێگە بە وڵاتان و کۆمپانیاکانی بیانی دەدات کە لە پڕۆژەکانی مەدەنی ئێران وەک وێستگەی ناوەکی بوشەهر، وێستگەی ئاوی قورسی ئەراک و ناوەندی توێژینەوەی تاران چالاکیان هەبێت. لەم نێوەندەدا تەواوکردنی وێستگەی ئەراک بە گرنگترین چالاکی هەژمار دەکرێت کە بەندی ٢١ی بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٣١ی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر دەکاتەوە.
- بۆ ئەمریکا لەم کاتەدا لێخۆشبوونێکی لەم چەشنەی دەرکرد
رەنگە وا بەرچاو بێت مەبەستی ئەمریکا لەم هەنگاوە جارێکی دیکە کاراکردنەوەی رەوتی دیالۆگ و زیندووکردنەوەی دانوستانەکانە، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە شتی دیکە لە پشتی پەردەکەوە هەبێت.
دانوستانەکانی ڤیەننا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لەم قۆناغەدا پێویستە ئێران هەندێک کردەوە لە ئاراستەی ناوەکی ئەنجام بدات ئەویش، کەمکردنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆم، نەهێشتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی لەسەدا ٢٠ و لەسەدا ٦٠، نەهێشتنی سانتریفیۆژەکانی.
ئەو خواستەی رۆژئاوا بە هیچ شێوەیەک بۆ ئێران پەسەندکراو نییە و چونکە دەبێت باجی سیاسی زیاتری بۆ بدات و دەستی ئێران بۆ دیپلۆماتی و بردنەوەی گرەوەکە بەتاڵ دەهێلێتەوە. ئەو توانایانەی ئێران گوشار دەخاتە سەر رۆژئاوا بۆ ئەوەی پابەندی بەڵێنەکانیان بن. ئەزموونی پێشوو دەریخست ئەو توانایانەی ئێران لە پاراستن و چالاککردنەوەی (بەرنامەی ناوەکی- وەرگێڕ) وا لە لایەنی رۆژئاوا دەکات کە هەڵسوکەتیان (دژ بە ئێران - وەگێر) بگۆڕن.
لە لایەکی دیکەوە بەبێ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیانە، زیندووکردنەوەی دانوستانەکانیش ئەستەمە. لێردا دەبێت لایەنەکان چارەسەرێکی نێوەندی وەک ستراتیجییەک بدۆزنەوە. لە کاتی دانوستانەکانی پێشوودا کۆمەڵێک گرفت لەوانەش چالاکییەکانی وێستگەی ئەراک، ناوەندی پیتاندنی فەردۆ، بەرنامەی توێژینەوەی و پەرەپێدانی ناوەکی ئێران هاتنە گۆڕێ کە بە هەوڵ و تواناکان و شارەزایی و پەیوندی باشی سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ لایەنە ئەمریکییەکان جارەسەر کرا.
پێ دەچێت، لەم خوولەی دانوستانەکاندا، بەرپرسان و تیمی کارناسانی رێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران ئەو شارەزاییەی دەبێت هەیانبێت نیانە. یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران لەم لێخۆشبوونە، کەڵک وەرگرتن لە کەسانی سێیەم بۆ راوێژکردن لە بوارە تەکنیکییەکانی جۆراوجۆرە. لە راستیدا بێ توانایی تەکنیکی تیمی ئێران رێگە خۆشکەرە بۆ هەندێک وڵاتی دیکە کە بێنە ناو دانوستانەکان کە لە رووی سیاسییەوە ئەوە لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە.
مەبەستێکی دیکەی ئێران لە لێخۆشبوونی ئەو گەمارۆیانە، کۆنترۆڵ و دەستنیشانکردنی رێڕەوی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران بێت، تەنانەت ئەو کاتەی کە دانوستانەکانیش رووبەڕووی شکست ببنەوە. لەم دۆخەدا بوونی کۆمپانیاکان، رێکخراوەکان و وڵاتانی سێیەم لە چالاکییەکانی ناوەکی ئێران دێتە گۆڕێ و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەمریکایە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆگرامە ناوەکییەکان و کۆنترۆڵ و کەنالیزەکردنی. تەنانەت بوونی لایەنی سێیەم لەم چالاکیانەدا دەتوانێت بوار خۆش بکات بۆ تێکدانی دۆخەکەش.
لە روانگەی سیاسییەوە، ئەو کردەوەیەی ئەمریکا وا دەکات کە قورسایی ئەمریکا لە دانوستانەکانی ڤیەننا زیاتر بێت. دەوڵەتی ئەمریکا بەم هەنگاوە نیشانی دەدات کە نیەتی پاکی هەیە لە دانوستانەکاندا بۆ بەرگرتن کە هەرچەشنە پێکدادانێک. لەم دۆخەدا وڵاتانی دیکەش لەناو دانوستانەکاندا لایەنی ئەمریکا دەگرن و چاوەڕوانی ئەوەیان لە ئێران هەیە کە “هەڵوێستی هاوشێوە”ی گونجاوی هەبێت؛ بابەتێک کە دەشێت گوشاری دیپلۆماتیک و رای گشتی دژبە ئێران بەرێ بکات بۆ لادانی بەرنامەی ناوەکی و بەپێشخستنی رەوتی دانوستانەکان.
تەنانەت ئەگەر ئەم هەنگاوەی ئەمریکاش لە ئاراستەی دروستکردنی گوشار بۆ ئێران بەمەبەستی دەرکردنی بڕیارێکی گەورە لەقەڵەم نەدەین، رەنگە بوارخۆشکەر بێت بۆ ئازادکردنی ئەو بەندکراوانەی ئێران کە خاوەنی دوورەگەزنامەن (ئێرانی- ئەمریکی یان ئێرانی-ئەورووپی) ئەو کردەوەیەی ئەمریکا هەروەها دەشێ نیشانەی نیەت پاکی ئەمریکا بێت و هەم پلانی دانانی وردتر بۆ ئاراستەدانی دانوستانەکانی ڤیەننا لە خوولەکانی داهاتووشدا، بەڵام هەر ئەم هەواڵە بە رواڵەت ئاساییەش کاریگەری لە سەر بازاڕی ئێران هەبوو و بەهای تومەنی ئێرانی نزیک بە لەسەدا ١٠ بەرزکردەوە. ئەوە دەریدەخات کە بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی، بازاڕی ئەو وڵاتە تا چ ئاستێک لە ژێر کاریگەری دانوستانەکانی ڤیەننا دایە.
*سەید محەممەدهادی مووسەوی، رۆژنامەنووس و ماستەری لە بواری نانۆتەکنۆلۆجیا
news_share_descriptionsubscription_contact

