Ali Cura
20 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2021
مۆسکۆ- AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی سەردانێکی بۆ ئایسلاند لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەوە، ئەمەش یەکەمجارە لاڤرۆڤ و بلینکن پێکەوە کۆببنەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ و ئەنتۆنی بلینکن بەرلە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لێدوانیان بۆ رۆژنامەنووسان دا و سێرگی لاڤرۆڤ ئەوەی خستەڕوو کە گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن-مۆسکۆ دەکەن.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، هەروەها هیواشی خواست گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لەگەڵ بلینکن ئەنجامبدات کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا بێت، چونکە رووسیا و ئەمریکا لە بابەتە ستراتیجییەکاندا پێویستیان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەک هەیە و رەوشی گشتی جیهانیش پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سێرگی لاڤرۆڤ دەربارەی کارکردنی دیپلۆماتکارە رووسییەکان لە ئەمریکا گوتی: "ئامادەین داروپەردووی ئەو وێرانەیە لاببەین کە لە کابینەی پێشووی حکوومەتی ئەمریکا ماوەتەوە لە هەڵسەنگاندنی رەوشی جیهاندا جیاوازی جددیمان هەیە. لەو هەنگاوانەدا کە دەمانەوێت بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان بیگرینەبەر جیاوازییەکی زۆرمان تیادا بەدیدەکرێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەشدا کە چەند پرسێکی نێودەوڵەتی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رەوشی ئەفغانستان، تاوتوێ دەکەن و گفتوگۆکانیشیان لە چوارچێوەی رێزگرتن لە بیروڕای یەکتر، دەبێت.
- جیاوازی بیروڕا لەنێوان رووسیا و ئەمریکا
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ مۆسکۆ دروست بکەن و گوتی: "هەوڵدەدەین پەیوەندییەکی سەقامگیر لەگەڵ رووسیا دروست بکەین. پێمان وایە ئەمە بۆ گەلەکەمان، گەلی رووسیا و هەموو جیهانیش شتێکی باش دەبێت".
ئەنتۆنی بلینکن ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە جیاوازی بیروڕا لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و گوتی: "هەروەک سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-ی گوتبوو لە کاتێکدا کە جیاوازی بیروڕامان هەبوو، ئەگەر رووسیا هێرشبکاتە سەر خۆمان یان یەکێک لە هاوپەیمانەکانمان، ئەوا وەڵامی دەدەینەوە. جۆ بایدن، ئەمەی بە وشە و کردار نیشانداوە، دروستبوونی پێکدادانیش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانمانە نەوەک دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە کە پەیوندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ لە زۆر خاڵدا یەکدەگرنەوە و دەشکرێت هەماهەنگییەکانیان لەو بوارانەدا زیاتر بکەن، گوتیشی: "ئەگەر سەرۆکانی رووسیا و ئەمریکا بە گیانی هاریکارییەوە پێکەوە کار بکەن، ئەوا گەلەکانمان هەروەها جیهانیش لە ئاسایشی زیاتردا دەبن. هەربۆیە لەو پێناوەدا کار دەکەین".