Ramal Mahmoo
20 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
- نوێنەری هەمیشەیی بریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ماتیۆ رێیکرۆفت: "دواکەوتنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی حەلەبەوە ئازاربەخشە. ئەوەی ئێستا گرنگە لایەنەکان بە تایبەتی رووسیا، ئێران و سووریا بڕیارەکە بەتەواوەتی جێبەجێ بکەن".
- نوێنەری هەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان فڕانسوا دیلاتری: "ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ حەلەب هیوایەکی لاواز و دواکەوتووە لە کاتی خۆی. مەبەستی بڕیارەکە پێشگرتنە لەوەی حەلەب وەک سبرێنێتسای بەسەر بێت".
بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەنگاوێکی زۆر دواخراو دادەنرێت، لە دوای بۆردومانکردنی حەلەب و کوشتنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سڤیل لەلایەن تیرۆریستیانی لایەنگری رژێم.
دوای رەزامەندیدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە، نوێنەری هەمیشەیی بریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ماتیۆ رێیکرۆفت ئاماژەی بەوەدا لە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان توانی لەبارەی رووسیاوە بڕیارێک بدات، رایشیگەیاند کە رووسیا تاکو ئەمڕۆ ڤیتۆی بەکار دەهێنا لە دژی ئەم بڕیارە.
رێیکرۆفت سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە دوای رازیکردنی رووسیا توانیوویانە ئەم بڕیارە بدەن، گوتی: "دواکەوتنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی حەلەبەوە ئازاربەخشە. ئەوەی ئێستا گرنگە لایەنەکان بە تایبەتی رووسیا، ئێران و سووریا بڕیارەکە بەتەواوەتی جێبەجێ بکەن".
نوێنەری هەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان فڕانسوا دیلاتری کە ئامادەکاری پڕژە بڕیارەکەیە، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند کە چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن، گوتی: "ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ حەلەب هیوایەکی لاواز و دواکەوتووە لە کاتی خۆی. مەبەستی بڕیارەکە پێشگرتنە لەوەی حەلەب وەک سبرێنێتسای بەسەر بێت".
نوێنەری رژێمی سووریا بەشار جەعفەری رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە چاودێران لە ناوچەکە هەن، بریتانیا و فەڕەنسا بەمەبەستی هاندان ئەم جۆرە پڕۆژە بڕیارەیان رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.