Mustafa Melih Ahıshalı
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2021
ئیستانبوڵ - AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت جێگری سەرکۆماری ئێران، محەمەد نەھاوەندیان ژمارەیەک کۆبوونەوەی نافەرمی لەگەڵ چەند دیپلۆماتێکارێکی نزیک لە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەنجامداوە.
ماڵپەڕی ھەواڵی "zeitoons" کە بە نزیک لە ریفۆرمخوازەکان ناسراوە، بانگەشەی ئەوەی کردووە، شاندێکی ئێرانی بە سەرپەرشتیی محەمەد نەھاوەندیان، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی نزیک لە تیمی جۆ بایدن، کۆبووەتەوە و دانوستانیان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە کۆبوونەوەکان بە نێوەندگیری دۆست و کەسە نزیکەکانی نەھاوەندیان ئەو کاتەی لە زانکۆ لە ئەمریکا خوێندوویەتی، ئەنجامدراوە.
بانگەشەی ئەوەشکراوە لە کۆبوونەوەکاندا کە بە رێنمایی سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئەنجامدراوە، بەرەوپێشچوون بەدیھاتووە و جەخت لەوەشکراوەتەوە زانیاریی گشتیی لەبارەی کۆبوونەوەکان دراوەتە وەزیری دەرەوە، محەمەد جەواد زەریف بەڵام ناوبراو نەیاری دانوستانەکانە و وردەکارییەکانی پێڕانەگەیەنراوە.
لە ھەواڵەکەدا باس لەوەکراوە، حەسەن روحانی ھۆکاری پێنەدانی زانیاریی ورد لەبارەی کۆبوونەوەکان بە زەریف، بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ھەڵوێستەکانی زەریف لە ماوەی دواییدا زۆر لە رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی نزیک بووە.
ھاوکات ژمارەیەک لە شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، مەحاڵە ئەو کۆبوونەوانە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە خامنەیی و بە بێ ئاگاداریی زەریف ئەنجامدرابن.
کۆبوونەوەکان وەک ئامادەکارییەکی پێشوەخت بۆ ئەو دانوستانانەی کە زەریف بڕیارە ئەنجامیان بدات، لێکدەدرێنەوە.