واشینتۆن
ئەمریکا کە ساڵی ٢٠١١ بە یەکجاری لە عێراق کشاوەتەوە، دەیەوێ بەرەژوەندییەکانی خۆی لە عێراق و دیموکراسیش بپارێزێ.
دوای ٢٠٠٣ شیعەکان لە ئیدارەی عێراق بەھێزبوونە و کاریگەری ئێران لەسەر شیعەکان دوای سەدام حوسێن زیاد بووە، بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لە لایەن داعشەوە و ھەڕەشەکردن لە کاربەدەستانی بەغدا، بەرەژوەندییەکانی ئەمریکا و ئێرانی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە و ئەو بارودۆخە بووەتە ھۆی ئەوەی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا کە ماوەی ٣٤ ساڵە پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزە، پەیامی زۆر گەرم ئاڵوگۆڕ بکرێ.
حەفتەی رابردوو سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پێویست بکا لە دژی داعش، راستەوخۆ ھاوکاری ئەمریکا دەکا و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا لە عێراق یان لە ھەر وڵاتێکی دیکە بە جدی شەڕی تیرۆر بکا، ئێران ئامادەیە باس لە ھاوکاری و ھەماھەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکا."
لە بەرامبەریشدا جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا جۆ بایدن باسی ئەوە دەکا کە لە بەرامبەر بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق، کۆشکی سپی ئامادەیە لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ بکا.
دوای ئەو لێدوانانە، یەکێک لەو بابەتانەی کە لەم رۆژانە لە ئەمریکا باسی لێوە دەکرێ پرسی بارودۆخی عێراق و سازدانی پەیوەندییە لەگەڵ.
باڵی دەسەڵات لە واشینتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی عێراق، ئەگەرچی تەنگ و بازنە کورتیش بێ، دەبێ لەگەڵ ئێراندا پەیوەندی ساز بکرێ.
گوتەبێژی کۆشکی سپی جای گارنی ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گروپی ١+٥ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ڤییەنا، کاربەدەستانی ئەمریکا و ئێران بە کورتی باسیان لە قەیرانی عێراق و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە کردووە و رۆژانی داھاتووش دانوستانێکی کورت لە نێوان ھەردوولادا بەردەوام دەبێ.
ئیدارەی ئۆباما باسی ئەوە دەکا کە ئەو جۆرە دانوستانانە ھەر چەندە بەرفراوان و بەردەوامیش بن، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک نابنە ھۆی ھەماھەنگی و ھاوکاری سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا.
لە ناو ئیدارەی ئەمریکادا لەبارەی سازدانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا چەند کەسێک ھەن کە بە گەرمی پێشوازی لە بەرقەرارکردنی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا چاک ھێگڵ لە میانی گوتارێکدا لە بەردەم کۆنگرێس لەبارەی بودجەی ٢٠١٥ی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا ھەڵکرد و گوتی: "ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا پێش ئەوەی شەڕی ئەفغانستان بکا لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆی کردووە، بۆیە دابەشکردن و پاراستنی بەرەژوەندی ھاوبەش لەگەڵ ئێراندا رابردووی ھەیە، لە نێوان ئێران و ئەمریکادا جیاوازی زۆر ھەیە، ئێران پشتگیری لە تیرۆریزم دەکا بەڵام کاتێک پرس ببێتە پرسی بەرەژوەندی نەتەوەیی ئەمریکا، ناچارین پشت بە چەند راستییەک ببەستین و لەوبارەیەوە عێراقیش نموونەیەکی زۆر باشە، چونکە ئەوەی لە عێراق روودەدا کاریگەری لەسەر ھەموو وڵاتانی دەراوسێ دەبێ."
لەم رۆژانەی دواییدا کە کۆماریخوازەکان رەخنەی توند ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەکی ئۆباما دەکەن، بە توندی دژی لێدوانەکانی ئۆبامان لەبارەی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی رەوشی عێراق لەگەڵ ئێران.
یەکێک لەو کۆماریخوازانەی بە توندی رەخنەی ئەو بابەتە دەکا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جۆن بەینرە.
جۆن بەینر پێش بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باراک ئۆباما، لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی عێراق گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک نابێ لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ بکرێ، چونکە ئێران پشتگیری لە تیرۆریزم دەکا و ھانی تیرۆریستان دەدا، بۆیە لە بارودۆخێکی وادا ئەگەر لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەین، وڵاتانی دوست و ھاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئەمریکا توڕە دەبن."
پاڵێوراوی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا جۆن مەککینیش دژی ئەنجامدانی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکایە، لەبارەی رەوشی عێراقەوە مەککین لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی یەکێک لە ناوەندە ھزرییەکانی ئەمریکادا گوتی: "ئێران یەکێک لەو ھەڕەشە و مەترسییە گەورانەی سەر ئاسایش و ئارامی ئەمریکایە و رۆلی ئێران لە عێراق زۆر خراپە و ئەمریکا ناتوانێ بۆشایی ئەمنی لە عێراق پڕبکاتەوە، ئەگەر بڕیارە ئەمریکا ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، دەبێ پشتگیری لە عێراق بکا تا ببێتە وڵاتێکی بەھێز، بەڵام ئەگەر ئێمە وەک ئەمریکا ئەو بۆشاییە پڕنەکەینەوە، ئێرانییەکان پڕیدەکەنەوە. ئێران یەکێک لە فاکتەرەکانی خراپی و تیرۆرە لە جیھان، بۆیە ئەنجامدانی دانوستان و گفتوگۆ لەسەر رەوشی عێراق لەگەڵ ئێران بە پێچەوانەی بەرەژوەندییەکانی ئەمریکایە."