ڤییەنا
لە چوارچێوەی پێنجەمین خولی دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گروپی ١+٥دا، دانوستانەکان بە سەرۆکایەتی نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە کاترینە ئاشتۆن و وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف دەستی پێکرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پێنجەمین خولی دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی گروپی ١+٥ لە ڤییەنا گوتی: "ئێران و وڵاتانی ئەندامی گروپی ١+٥ لە چوارچێوەی پێنجەمین خۆلی دانوستانەکاندا لە ڤیەننا دەستیان بە نووسینی ناوەڕۆکی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردووە."
محەمەد جەواد زەریف ئاماژەی بەوەکرد کە دەستپێکردنی نووسینی ناوەڕۆکی رێککەوتنی کۆتایی بەو مانایە نییە کە لایەنەکان لەسەر ھەموو پرس و بابەتەکان رێککەوتوونە، "چونکە ھێشتا لەسەر چەند پرسێکی گرنگ ناکۆکی و جیاوازی بیروڕا لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوادا ھەیە."
زەریف گوتی: "لایەنی بەرامبەر ھەڵوێستێک پەیڕەو دەکا کە جێی قبوڵکردن نییە و ئێران داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکا لە بەرامبەر پرسەکاندا واقیعییانە بن، ئەگەر لایەنی بەرامبەر ویست و ئیرادەی سیاسی خۆی نیشانبدا، رەنگە تا ٢٠ی تەمووز بتوانین بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی کاترینە ئاشتۆن لەسەر پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا بڵاوی کردووەتەوە کە گوایە نووسینی ناوەڕۆکی رێککەوتنی کۆتایی دەستی پێکردووە.