Zana Natık Kerem
28 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2019
تەرابلوس ــ AA
حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێداندراوە رایگەیاند کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسە لە بۆردومانکردنی شاری تەرابلوس و دەورووبەری لە لایەن ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر، چونکە تا ئێستا ئەنجوومەنی ناوبراو ھیچ کاردانەوە و ھەڵوێستێکی لەوبارەیەوە نیشانداوە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لە لایەن حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیاوە بڵاوکراوەتەوە تیادا ئاماژە بەوەدراوە کە نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نەک ھیچ ھەڵوێستی و کاردانەوەیەکیان نیشانداوە لە ھەمبەر کارە تاوانکارییەکانی لیوا خەلیفە حەفتەر، بەڵکو بگرە تا ئێستا لە بەرامبەر بۆردومانکردن و بە ئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی لە شاری تەرابلوس و دەورووبەری بێ دەنگن.
حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا ئاماژەی بەوەشداوە کە ناکرێت نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چی دیکە بێ دەنگ بن لە ھەمبەر بۆردومانکردنی شاری تەرابلوس و دەورووبەری لە لایەن ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر، دەبێت ھەڵوێستی توندیش لەوبارەیەوە نیشان بدەن.
لە راگەیەندراوەکەدا، حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا داوایکردووە ناسنامەی ئەو فڕۆکانە ئاشکرا بکرێن کە لە ھێرشەکانی سەر شاری تەرابلوس و دەورووبەری پشتیوانی لە خەلیفە حەفتەر دەکەن.
حکوومەتی تەبایی نیشتمانی باسی لەوەشکردووە کە لیوا خەلیفە حەفتەر ھەوڵ دەدات شکست و شکاندنی ھێزەکانی لە دەورووبەری شاری تەرابلوس بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییە بیانییەکان و بۆردومانکردنی مەدەنی لەناو شارەکەدا، داپۆشێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە حکوومەتی تەبایی نیشتمانی جەختیکردووەتەوە، بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی ھەموو ئەو کەسانەی کە لە بۆردومانکردنی مەدەنییەکانی شاری تەرابلوس تێوەگلاون.
لە چواری ئەم مانگەدا، ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەرابلوس پایتەختی لیبیا دەستپێکرد و لە بەرامبەردا ھەر لە حەوتی ئەم مانگەدا، گوتەبێژی ھێزەکانی سەربە حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا، عەقید محەمەد قنونو دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لەژێرناوی "گڕکانی تووڕەیی" بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی خەلیفە حەفتەر راگەیاندبوو.
لەئێستادا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی سەربە خەلیفە حەفتەر و ھێزەکانی سەربە حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی لە دەورووبەری شاری تەرابلوس بەردەوامە.