Zana Natık Kerem
22 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە ئەمریکا، پێنج پارچە شوێنەواری دیکەی مێژوویی، رادەستی عێراق کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە، پێنج پارچە شوێنەواری دیکەی مێژوویی لە لایەن ئەمریکاوە رادەستی باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا، فەرید یاسین کراونەتەوە، ئەوەیش لەچوارچێوەی ئەو ھەوڵە دیپلۆماسییانە دێت کە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارەکان بۆ عێراق خراونەتەگەڕ.
راشیگەیاندووە، پارچە شوێنەوارەکان لە رێوڕسمێکدا کە ھەریەک لە داواکاریی گشتیی ناوچەی مانھاتن، ئەلڤین براگ و جێگری بەرپرسی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری نیویۆرک سەربە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، ئێریک رۆزنبلات تیایدا ئامادەبوون، رادەستی باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا، فەرید یاسین کراونەتەوە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا، فەرید یاسین سوپاسی داواکاریی گشتیی ناوچەی مانھاتن، ئەلڤین براگ کردووە لەبەرامبەر ئەو ھەوڵانەی کە بەئامانجی گێرانەوەی پارچە شوێنەوارەکان بۆ عێراق خستوویەتەگەڕ و گوتی: "ئەم پارچە شوێنەوەرانە بەشێکن لە مێژوویی میراتی گەلی عێراق کە لە داھاتوودا لە موزەخانەی گشتیی-دا دادەندرێن".
گوتیشی: "ئەم دەستپێشخەرییە، نموونەیەکی دیکە لە پتەوترکردنی ھاریکاریی و دۆستایەتی نێوان ئەمریکا و عێراق".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە کە یەکێک لە پارچە شوێنەوارەکان، تابلۆیەکی شوێنەوارییە و مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧٠١ ــ ٨٠٠ پێش زایین و نرخەکەی ٤٥٠ ھەزار دۆلارە و، ھەروەھا یەکێکی دیکەیش لە پارچە شوێنەوارەکان، گۆزەیەکی شوێنەوارییە کە گولێکی تیایدا نەخشێندراوە و مێژووەکەی بۆ ٩١١ ــ ٦١٢ پێش زایین دەگەڕێتەوە نرخەکەی ٢٠٠ ھەزار دۆلارە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە یەکێکی دیکە لە پارچە شوێنەوارەکان، بریتییە لە کۆمەڵێ دەستنووسی دێرێنی مەندائیی و نرخەکەی ھەشت ھەزار و ٥٠٠ دۆلارە و دوو پارچە شوێنەوارەکەی دیکەیش، سندوقی لوولەییان و نرخی ھەر یەکیان ١٥ ھەزار دۆلارە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ ھەینی ٢١ی کانوونی دووەم، ئەمریکا دوو پارچە شوێنەواری دەگمەن کە مێژووکەیان بۆ چوار ھەزار ساڵ بەرلە ئێستا و سەردەمی شارستانیەتیی (ئور) دەگەڕێتەوە، رادەستی عێراق کردەوە.