Dildar Baykan Atalay
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2022
واشنتۆن – AA
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر رایگەیاند، زانیاری هەواڵگرییان بەدەست گەیشتووە لەبارەی دروستکردنی کەمپ و کۆکردنەوە و دەستبەسەرکردنی هەزاران هاووڵاتیی ئۆکراینی لەلایەن ئیدارەی رووسیاوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و رۆژئاوای رووسیا.
کارین جان پیێر لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە لەبارەی ئەو کەمپانەی بە مەبەستی تواندنەوە و پاکتاوی رەگەزی ئۆکراینییەکان لەلایەن رووسیاوە دروست کراون.
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە کرملین کارەکانی وەک زیندانیکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێی بەرامبەر بە ئۆکراینییەکان گرتووەتە بەر، گوتی: "زانیاری هەواڵگریمان بەدەست گەیشتووە لەبارەی دروستکردنی کەمپ و کۆکردنەوە و دەستبەسەرکردنی هەزاران هاووڵاتیی ئۆکراینی و لێپرسینەوە لەگەڵیان، لەلایەن ئیدارەی رووسیاوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و رۆژئاوای رووسیا".
کارین جان پیێر بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم کارانەی رووسیا بەشێکە لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ئۆکراینا، گوتی: "ئەمڕۆ تۆماس گریفیەڵد داوا لە رووسیا دەکات چی زووە کۆتایی بهێنێت بە هەڵمەتەکانی تواندنەوە و پاکتاوی رەگەزی، هەروەها چاودێرەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرە سەربەخۆکانیش داوا دەکەن رێگە بە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ بدرێت بچن بۆ ئەو کەمپانە".