Heman Hussein Yaseen
11 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2023
هەولێر - AA
جێگری یاریدەرەی وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تایلۆر لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری، تیشکی خستەسەر پرسێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو چوارچێوەیەشدا کێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، هاوکات لەبارەی پاراستنی سنوورەکانیشەوە، بە پێویستی زانی هاوشێوەی ئێران، هەولێر و بەغدا گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ تورکیادا بکەن.
جێگری یاریدەرەی وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تایلۆر لەبارەی کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل گوتی: "ئەو رووداوە تراژیدیایەی کە بەم دواییە ڕوویدا ئەوەمان بۆ بەدەردەخات کە گرنگە ئەمریکا لە ناوچەکە بمێنێتەوە و ڕۆژانە ئەمریکا لەسەر ھێڵە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات ئەو ململانێیە پریشکی بپەڕێتەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، ئێمە زۆر ویستوومانە ئەو کێشەیەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل چارەسەر بکەین و لە شەش مانگی رابردووشدا ھەوڵەکانمان چڕتر کردووەتەوە لەمبارەیەوە، بۆیە ئەمریکا زۆر چاوی لەسەر عێڕاقە و عێراق خاڵێکی بەھێزە بۆ ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە چاومان لەوەیە کە بتوانین بونیاد لەسەر ئەم ھاوبەشە ھەڵچنین و کار بکەین لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لە بواری ئاسایش و وزە و ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێویشیاندا گۆڕانی ئاو و ھەوا".
ڤیکتۆریا تایلۆر گوتیشی: "لەم ڕۆژانەدا کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن لە نیویۆڕک هەبوو کە ئەمە بەهێزی پەیوەندییەکانمان دەسەلمێنێت و سوودانی چاوی لەوەیە پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاد بکات و کۆمپانیاکانیش دەتوانن ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بە تایبەت لە بواری وزە، هاوکات سەرۆکوەزیران سوودانی دڵنیایی ئەوەی داوە کە وزەی عێراق سەربەخۆ دەبێت و ئەمەش سەربەخۆیی عێراق بەھێزتر دەکات و خۆشحاڵین بەمە".
جێگری یاریدەرەی وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تایلۆر باسی لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێم کرد و گوتی: "من یەکەمجارە دێمە عێراق و ئەم دەرفەتەشم بۆ ڕەخسا سەردانی هەولێر بکەم، لە بەغدا سەردانی زانکۆی ئەمریکیم کرد و لەگەڵ گەنجەکان قسەم کرد، لەوە تێگەیشتم کە ئەوان پرسیاری قورسیان دەکرد لەبارەی چارەنووسی وڵاتەکەیانەوە و باسیان لە سێکتەری تەندروستی و پەروەردە کرد و باسی ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوایان کرد و دەزانم گەنجان چاویان لەسەر کەشوھەوا و لێکەوتەکانییەتی، من تێدەگەم کە ئەم گۆڕانکارییە چەند کاریگەری لەسەر داھاتووی ئەوانە و حکوومەتی عێراق دەتوانێت سوود لە توانای ئەم گەنجانە ببینێت و ئەمریکاش دەبێت بە شێوەیەک خۆی بگونجێنێت بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵدا بکەین و دەمانەوێت گەنجی عێراق ببەینە ئەمریکا و لەوێ دەرفەتیان پێ بدەین".
لە تەوەرێکی دیدارەکەدا، ئاماژەی بە پرسی ئاوارە و پەنابەرەکان کرا و لەبارەیەوە ڤیکتۆریا تایلۆر رایگەیاند کە دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھاوکارییەکانی زیاتر بکات، ئەوان دەیانەوێت رێگایەک بدۆزینەوە بۆ چارەسەری شوێنی نیشتەجێبوونیان و دواتر دابینکردنی بژێوی ژیانییان و جەختی لەوە کردەوە کە لەمبارەیەوە رێکخراوەکان دەتوانن ھاوکاربن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکادا، ڤیکتۆریا تایلۆر گوتی: "دەتوانم بڵێم ھیچ پاڵپشتیکارێکی بەھێزتر لە ئەمریکا بۆ ھەرێم نیە، پێمان وایە ئەم پاڵپشتییە نەک تەنیا لە بەرژەوەندی ھەرێمە بەڵکو لە بەرژەوەندی عێراقیشە و ئاڵنگاری سەرەکی ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوام بن لە گفتوگۆ و دیالۆگ، من دەزانم بابەتی بوودجە و یاسای نەوت و گاز و رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی داھاتەکان گرفتی لەسەرە، ئێمە وەکو دۆستێکی گەورەی حکوومەتی ھەرێم، قسەمان ئەوەیە کە جیاکارییەکانی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، بووەتە هۆی ئەوەی کە گفتوگۆکانی لە بەغدا بێ کاریگەر کردووە و ئەگەر ئەم ناکۆکییە نەھێڵن ئەوا دەنگیان باشتر دەگاتە بەغدا و پێویستە ئەو کێشانەی ناوەخۆ چارەسەر بکرێت".
ڤیکتۆریا تایلۆر گوتیشی: "ئێمە ھێشتا ھاوپەیمان و پشتیوانین، دەزانم تێڕوانینێک دروست بووە کە ئەمریکا گرنگی بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نادات بەڵام وانیە بەڵکو ڕۆڵێکی کاریگەرمان ھەیە لە ناوچەکە، ئەگەریش باسی عێراق بکەین ئەوا عێراقێکی سەلامەت بۆ ئێمە گرنگە و دەمانەوێت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئەو ئامانجانە بەدیبھێنین".
هەر لە دیدارەکەدا، ئاماژە بە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا و ئێران کرا و لەمبارەیەوە ڤیکتۆریا تایلۆر گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لەگەڵ ھەرێم و بەغدا لە بابەتی کێشە ئەمنییەکان و ئامادەین ھاوکاری ھەردوولا بکەین لەم بوارەدا، خاڵی کۆتایی و سەرەکی ئەوەیە کە ئەمریکا پشتیوانی سەربەخۆیی عێراق دەکات، ھەردوولا (بەغدا و هەرێم) دەتوانن کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەر بکەن و لەمبارەیەوەش هەردوولا لەگەڵ ئێران قسەیان کردووە و ھەندێک کێشە چارەسەر کراون، بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە هاوشێوەی ئێران، لەگەڵ تورکیاش قسە بکەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن".