Ramal Mahmood
09 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2016
مەزاری شەریف - AA
لەئاکامی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی سەربازی جۆری Mİ-17 لە ویلایەتی بەغلان باکووری ئەفغانستان، حەوت کەس گیانیان لەدەست دا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان، دەوڵەت وەزیری لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە دوو هەلیکۆپتەر بەمەبەستی پشتیوانیکردنی سوپا چوونەتە ناوچەی گردی کورگان لە ویلایەتی بەغلان، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی یەکێک لە هەلیکۆپتەرەکان لەئاسماندا ئاگری گرتووە و کەوتۆتە خوارەوە.
وەزیری ئاماژەی بەوە دا کە لەئاکامی رووداوەکەدا، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا کە لەنێویاندا سێ سەرباز هەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە هۆکاری رووداوەکە تەکنیکی بووە نەک رێکخراوە تیرۆریستیەکان خستبێتیانە خوارەوە.
لەلای خۆیەوە گوتەبیژی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید بانگەشەی ئەوەی کرد کە چەکدارانی بزووتنەوەکەیان هەلیکۆپتەرەکەیان خستۆتە خوارەوە.