Sayed Khodaiberdi Sadat
11 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2020
کابول- AA
جێگری سەرکۆماری ئەفغانستان، سەرڤەر دانش لە میانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمێک لە شاری کابول، گوتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە ئاشتی گرنگییەکی ئێجگار گەورەی بۆ گەلی ئەفغانستان هەیە.
سەرڤەر دانش جەختی لەوەیش کردەوە کە حکوومەتی کابول سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم ئاشتی هەڵگرتووە و لەئێستادا نۆرەی بزووتنەوەی تاڵیبان-ە.
جێگری سەرکۆماری ئەفغانستان گوتی: "پێویستە ئیدی تاڵیبان بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بزانێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت".
سەرڤەر دانش هەروەها باسی لەوە کرد کە ئاواتەخوازن تاڵیبان راستگۆ بێت، پێویستە لە زووترین کاتدا بەشێوەی ئەرێنی پێشوازی لە دەست پێ کردنی دانوستانەکانی ئاشتی بکات.
لە لایەکی دیکەوە دوای کۆتایی هاتنی ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراو و دەستبەسەرکراوان لەنێوان حکوومەتی کابول و تاڵیباندا، تا ئێستا ئایندەی ئەو دانوستانانە نادیارە کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەست پێ بکات.