Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2016
كابول ــ AA
لە ئاکامی دوو تەقیینەوە کە لە شاری كابولی پایتەخت و ولایەتی جۆزجان لە باكووری ئەفغانستان روویاندا، ھەشت كەس كوژران و 36ی دیكەش بریندار بوون.
بەرپرسی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی تاوانەكان لە شاری كابول، فەریدوون عوبەیدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "لە ناوچەی وەزیری ئاباد لە کابولی پایتەخت، ماتۆڕسكلێكی بۆمبڕێژكراو بە كاروانێكی سەربازیی سوپای ئەفغانستاندا تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو كەس كوژران و یەكێكی دیكەش بریندار بوون".
لەلایەكی دیكەوە بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ولایەتی جۆزجان لە باكووری ئەفغانستان، عەبدولحافز هاشی لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ماتۆڕسكیلێكی بۆمبرێژکراو لە نزیك بازارێكی میللی لە ناوچەی دارزاپ تەقییەوە".
لای خۆشیەوە گوتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی جۆزجان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد كە لە ئاكامی تەقیینەوەكەدا، شەش كەس كوژراون و 35ی دیكەش بریندار بوون.
تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لەو دوو تەقیینەوەیە نەگرتووەتە ئەستۆ.