Ahmet Dursun
05 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2021
ئەنقەرە - AA
ئێران ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەدەگەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی سەدا ٦٠ی بۆ ٢٥ کیلۆگرام و یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی سەدا ٢٠ی بۆ ٢١٠ کیلۆگرام بەرز کردوەتەوە.
ئاژانسی مێھر کە ئاژانسێکی نیمچەفەرمی ئێرانییە، لە ھەواڵێکیدا لێدوانی گوتەبێژی فەرمانگەی وزەی ئەتۆمی ئێران، بێھروز کەمالڤەندی بڵاوکردوەتەوە کە باس لەوە دەکات، لە کاتێکدا چەند ھەفتەیەک ماوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤییەنا، ئێران توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا یەدەگەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دوو ھێندە زیاد بکات.
لە کاتێکدا کە بەگوێرەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی رێگە بە ئێران دراوە تەنھا بەڕێژەی سەدا ٣،٦٧ یۆرانیۆم بپیتێنێت بەڵام کەمالڤەندی ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەدەگەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی سەدا ٦٠ بۆ ٢٥ کیلۆگرام و یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی سەدا ٢٠ بۆ ٢١٠ کیلۆگرام بەرز کراونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەشی بەو یاسایە کردووە کە ساڵی رابردوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران دەرچوو و حکوومەت ھاندەدات بۆ خێرا کردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی، راشیگەیاندوە: "لە قۆناغێکدا ھەندێک سنووردارکردنمان ھەبوو بەڵام یاسای ستراتیجی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئەم رەوشەی گۆڕی.
بەگوێرەی یاساکان ١٢٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی سەدا ٢٠ داواکرا، ئێمەش ھەتا ئێستا توانیومانە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی سەدا ٦٠ بۆ ٢٥ کیلۆگرام بەرزبکەینەوە، لە جیھاندا جگە لەو وڵاتانەی کە چەکی ئەتۆمییان ھەیە ھیچ وڵاتێک نەیتونیوە بەو ئاستە یۆرانیۆم بەرھەم بھێنێت".
جێی وەبیرھێنانەوەیە بەگوێرەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران، کە ساڵی ٢٠١٥ و لە نێوان ئەندامە ھەمیشەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بریتیبوون لە ئەمریکا، رووسیا، چین، بەڕیتانیا و فەڕەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا (وڵاتانی ٥+١) واژۆ کرا، مۆڵەتی ئەوە بە ئێران درا کە بەڕێژەی ٣،٦٧ یۆرانیۆم بپیتێنێت و ئەوپەڕی ٣٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆم یەدەگی ھەبێت، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا یەکلایەنە لە رێککەوتننامەکە کشایەوە، ئێرانیش پابەندنەبوونی خۆی بە مەرجەکانی رێککەوتننامەکەوە راگەیاند.
بڕیاریشە لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا دانوستانەکانی ڤییەنا دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە دەستپێبکاتەوە.