Hussien Elkabany
28 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2026
سوپای پاسداران بە ئاراستەکردنی مووشەک و دڕۆن زنجیرەیەک ھێرشی نوێی کردە سەر کوێت و بەحرێن، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا ١٠ خاڵی سەربازی لەناو ئێراندا، کردە ئامانج.
لەوبارەیەوە سوپای کوێت لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کوێت، بەرپرسی زنجیرەیەک ھێرشی مووشەک و دڕۆنی دوژمنی داوەتەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە: "لە ئەنجامی تێکشکاندنی ئەو ھێرشانەی دوژمن، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە ئاسمانی کوێت بیستراوە".
ھاوکات وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە ھەژماری پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی کۆمپانیای X کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە ڕایگەیاندووە کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ژمارەیەک ناوچەی وڵاتەکەی لێدراون.
ھەروەھا وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن داوای لە ھاووڵاتییان و بیانییەکانی نیشتەجێی وڵاتەکەی کردووە کە بۆ پاراستنی گیانیان، ڕوو لە شوێن سەلامەت بکەن و و لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە ئاگاداری دۆخەكە بن.
پێشتر کەناڵی فەرمی بەحرێن بڵاوی کردبوویەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان، ژمارەیەک مووشەک و دۆڕنیان تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە ئاراستەکرابوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرباری دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی کۆتاییھێنان بە جەنگ، گرژیییەکانی نێوان ھەردوو وڵات سەریان ھەڵداوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئێران بە ئاراستەکردنی دڕۆنێک، ھێرشی کردووەتە سەر کەشتی "M/T Kiku" لە گەرووی ھورمز.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا باسی لەوەش کراوە کە لە وەڵامی ئەو ھێرشەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، ١٠ خاڵی سەربازیی ئێرانیان لە گەرووی ھورمز کردووەتەوە ئامانج.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ھەشت دامەزراوەی سەرەکیی سەربە سوپای ئەمریکایان لە بنکەی سالم لە کوێت و بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەندەری سەلمان لە بەحرێن کردووەتەوە ئامانج.