Dlshad Saifaalddin Ahmed
23 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رەزا كەعبی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی دواین گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و رۆڵی ئێران لە عێراق و هێرشەكانی هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شاری كەركووك و ناوچەكانی تر دوا.
رەزا كەعبی گوتی: "رۆڵی ئێران لەو هێرشانەدا حاشا هەڵنەگرە، خودی رۆژنامەكانی ئێران لەسەر هێرشەكانی 16ی مانگ قسەیان كردووە و دەڵێن ئیتر شاردنەوەی ناوێت كە ئێمە لەو شەڕەدا بەشداربوین، باسیان لەوەش كردووە كە ئەگەر نەوتی كەركووك بەدەست دوژمنانی ئێمەوە بێت كارەساتە، خاڵێكی تر عێراق بەدەست ئێرانەوەیە و حاكمی ئەسڵی عێراق، ئێرانە و ئەو حكوومەتەی لە بەغدا هەیە حكوومەتێكی واقعی نییە و ئێران تەداخولی تێدا دەكات. لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، ئێران دەستی بەسەر حكوومەتی عێراقدا گرتووە و رۆڵی سەرەكی هەیە لەم وڵاتە".
كەعبی گوتی: "ئێران لەم دواییەدا بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان زۆر تەنگاو بوو، هەر لە رۆژی یەكەمەوە كە ریفراندۆم راگەیەنرا شەخسی خامنەئی بە توندی دژایەتی كرد و بە خیانەت لە ناوچەكەی ناوبرد، بۆیە ئەوان بەرنامەیان هەبوو كە ئەم ئەزموونەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی تێك بدەن و هێرشی بكەنە سەر، ئەوەش بینیمان كە لە رۆژی 16ی مانگ روویدا".
جێگری ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنە كوردیەی ئێران، ئاماژە بە پلانەكانی ئێران لە پشت ئەو روداوانەوە دەكات و دەڵێت "پلانەكانی ئێران دیارە كە شەڕی خۆی لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریكا هێناوەتە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی و قبووڵی ئەوە ناكات كە لە سنوورەكانی نزیك ببنەوە، هەروەها بۆ پرسی كورد زۆر نیگەرانە و بەم هێرشەی كە ئەنجامیدا بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەیەوێت شۆڕش و خەبات لە ناوچەكانی كوردستانی ئێران دابمركێنێتەوە، لە لایەكی ترەوە ئێران بە ئاسانی عێراق بەدەستەوە نادات و دەستی ئەمریكا و رۆژئاوای خوێندۆتەوە كە دەیانەوێت فشاری بۆ بهێنن ".
ئەو باس لەوەش دەكات، "ئێران بە جۆرێك دابەشبوونی عێراقی بەلاوە ناخۆش نییە، بەوجۆرەی ناوچە شیعەنشینەكان و هیلالی شیعی بەر خۆی بكەوێت بە نەوت و هەمووشتەكانی تریەوە، بەڵام دەیەوێت زیانەكانی ئەو جیابوونەوەیە و باجەكەی بخاتە سەر خەڵكی دیكە بە تایبەت خەڵكی هەرێمی كوردستان ".
رەزا كەعبی رەخنە لە هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر رۆڵی ئێران لە عێراق دەگرێت، ئەو گوتی: "ئەوەی تا ئێستا دەركەوتووە ئەوەیە ئەمریكا بەرگری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات، عێراق هەوڵ دەدات عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنێت و بیخاتەوە باوەشی عەرەبستانی سعوودی و ئەو وڵاتانەی كە هاوپەیمانی ئەمریكان كە نازانم تا چەند بۆی دەچێتەسەر، ئەگەر ئەوە بكات ئەوە بۆ ئەمریكا گرنگی خۆی هەیە.
بەڵام ئەمریكا لە هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر كەركووك و شارەكانی تر و بەشداری ئێران لەو هێرشانەدا نەك تەنها دەستەوەستانە، بەڵكو گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردووە كە لە رۆژی هێرشكردنە سەر كەركووكدا دەڵێت ئێمە بەرگری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەین، بەوەش بە جۆرێك ئەمریكا لایەنگر بووە لەو بابەتەدا، ئەوەش كارنامەیەكی رەشە بۆ ئەمریكا كە بە چەك و تانك و تۆپی ئەمریكی هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی هێرشیان كردە سەر كەركووك هەر ئەوانەن كە سەربازانی ئەمریكایان دەكوشت، هەربۆیە ئەمریكا مامەڵەیەكی خراپی كرد و رۆژێكی رەشی بۆخۆی تۆمار كرد و متمانەی كوردی لەدەستدا".
جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ، ئاماژە بەوەش دەكات لە دوای ئەو هێرشانەی هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبی و ئێران بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و نزیكبوونەوە لە بنكە و بارەگاكانی ئەوان وەك حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، پێویستە خۆیان بپارێزن و بەرپرسیاری پاراستنی سەلامەتی ئەندام و بارەگاكانیان دەخاتە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بارەگاكان دەكەونە سنووری ئەوانەوە.