Hawkar Yaseen
17 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
کۆنسولی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەتایبەت لەڕووی بازرگانی، هەڵگرتنی ڤیزا و رێکخستنی ئاوە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
کۆنسولی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر، نەسروڵلا رەشنوودی دەربارەی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران رایگەیاند "پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی عێراق رێککەوتبوون لەسەر لابردنی ڤیزا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا، بەڵام بەھۆی ھاتنی کورۆناوە ئەو بڕیارە نەما، چونکە خۆی بۆ ئەوکاتە بڕیارەکە کاتی بوو و گەڕاینەوە سەر ھەمان بڕیاری پێشوو کە بۆ هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات ڤیزا هەبێت، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەکاندا لە ئێران بڕیاری لەسەر دراوە کە ڤیزا ھەڵبگیرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر لابردنی ڤیزا و ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی عێراق دەکەین تا ببێتە بڕیار و ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا نەمێنێت، چاوەڕوان دەکەین بەم زووانە ببێتە بڕیار و عێراقیش رەزامەندی دەربڕێت".
کۆنسولی گشتیی ئێران لە هەولێر دەربارەی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان ئێران گوتی: "بەھۆی پەیوەندییە باشەکەمان، هەبوونی مەرزە ھاوبەشەکان لەنێوانماندا، لەیەک نزیکی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمەدا، نزمی نرخی کاڵاکانی ئێران و بەرزی کوالێتیەکانیان، بە خۆشحاڵییەوە قەبارەی بازرگانیمان رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە هەربۆیە وەک خۆتان دەبینن کە ساڵانە چەندین پێشانگای کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە".
سەرباری کەمی باران بارین لە هەرێمی کوردستان ئاوی سەرزەویش بەڕادەیەکی زۆر کەمی کردووە کە هەندێک جار پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران درێژ دەکرێت بەهۆی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداوی نوێ، سەرچاوەی ئاوەکانی گرتووەتەوە کە ئاوی هاوبەشن لەنێوان ئێران و عێراقدا و ئێستا ناگەنە هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە کۆنسولی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر، نەسروڵلا رەشنوودی رایگەیاند "بوونی وشکەساڵی ئەمە ھیچ پەیوەندیەکی بە ھیچ وڵاتێکەوە نییە و جیھانییە و شتێکی ئاساییە، ئێرانیش بێ بەش نەبووە لە وشکەساڵی و لەئێستادا لە هەمان کێشەداین، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە وشکەساڵی وڵاتێک پەیوەندی بە وڵاتێکی ترەوە ھەبێت، لەنێوان ھەردوو وڵاتدا کۆمیتەیەک ھەیە سەبارەت بە ئاو و ئەوان کار لەسەر ئەوە دەکەن چۆن ئاوە هاوبەشەکان رێکبخرێت بە هاوسەنگی و یەکسانی لەنێوان هەردوولادا".
نەسروڵلا رەشنوودی گوتیشی: "ئەوەی لە دەزگاکانی راگەیاندن باسی لێوە دەکرێت کە ئێران هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان وانییە و ئێمە بەڕاستی نیگەرانین لە بوونی وشکەساڵی کە لە ھەرێمی کوردستادا ھەیە، راستییەکە ئەوەیە ئێمەش بێ بەش نین لەم وشکەساڵییە بۆیە دەستبەجێ کاربەدەستانی وڵاتمان لەبارەی ئاو کارەباوە راگەیەندراویان بڵاوکردووەتەوە و کاری لەسەر دەکەن تاوەکو تووشی قەیران نەبین".
کۆنسولی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر، نەسروڵلا رەشنوودی لەبارەی ھاوکاری ئێران بۆ تێپەراندنی وشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان گوتی: "دەبێت بجەنگین لەگەڵ وشکەساڵیدا و دەست لە دەستی یەک بنێین بۆ ئەوەی تێپەرببێت و ھەردوو وڵاتیش لە پەیوەندیدان لەم بارەیەوە".