Sangar Hamad Azeez
04 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2015
دوای ئەوەی کۆمپانیای"Kentucky Fried Chicken" ناسراو بە (KFC)ی بۆ خواردنی خێرا لقێکی لە تارانی پایتەختی ئێران کردەوە تەنیا یەک رۆژ دوای دەست بەکارکردنی داخرا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن، دوێنێ پۆلیسی ئێران هەستان بە داخستنی فاست فودی(KFC) لە تاران.
هەمان ئاژانس هەفتەی رابردوو لە هەواڵێکیدا رایگەیاندبوو کەوا حکوومەتی ئێران موڵەتی داوەتە فاست فودی (KFC) و(Burger King) کە لە ئێراندا دەست بەکاربن.
سەبارەت بە بابەتەکە بەرپرسی ژووری بازرگانی ئێران عەلی فازلی بۆ ئاژانسی ئیرنا گوتی: "رابەری دینی ئێران ئایەتوڵڵا خامنەیی رێگە بە هیچ مارکەیەکی وڵاتانی رۆژئاوا نادات لە ئێران کاروچالاکی ئەنجام بدەن".
لە بەرامبەردا بەرپرسی لقی (KFC) لە تاران عەباس پازوکی گوتی: "بە دڵنیاییەوە لێک تێنەگەشتنێک هەیە ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان بە بنکەی سەرەکی (KFC) نییە کە ئەمریکیە و ئێمە سەر بە تورکیاین و (KFC) حەڵاڵ بەرهەم دێنین".