Haydar Şahin
15 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2022
تاران - AA
وەک کاردانەوەیەک لەهەمبەر لێدوانەکانی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز دەرهەق بە ئێران، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە وەک کاردانەوەیەک لەهەمبەر لێدوانە ''دەستوەردەر و نابەرپرسەکانی'' راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تاران، هانس ئودۆ موزیل بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە سەرکۆنەی لێدوانە ''نابەرپرسانەی'' ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە کراوە و هاتووە؛ ''بەتوندی ناڕەزایی دەربڕدرا لەبارەی دەستوەردانی ئەڵمانیا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتدا''.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ''ئەو جۆرە لێدوان و کارە نابنیاتنەرانە کە کاریگەری نەرێنیی دەکەنە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەرپرسیارێتییەکەی لەسەر شانی ئەڵمانیایە''.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئێران ''چاودێری کار و هەڵوێستی لایەنەکانی بەرامبەر دەکات و وەڵامی پێویست دەداتەوە''.
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران، هانس ئودۆ موزیل باسی لەوە کرد کە پەیامەکەی ئێران دەگەیەنێت بە وڵاتەکەی.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئێران بە فەرمی نامەی ناڕەزایەتی رادەستی باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران کردووە.