Talha Yavuz
24 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2022
کیێڤ-AA
جێگری سەرۆکی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکراینا، میخایل پۆدۆڵیاک ئاشکرای کرد، کۆنترۆڵی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵیان بۆ ھێزەکانی رووسیا لەدەستداوە.
میخایل پۆدۆڵیاک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی یونیان، ئاماژەی بەوە کردووە لە دوای شەڕێکی سەخت، کۆنترۆڵی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵیان لەدەستداوە.
پۆدۆڵیاک جەختی لەوەش کردووەتەوە مەحاڵە بتوانرێت بگوترێت وێستگەکە لە دەستێکی پارێزراودایە دوای ھێرشەکەی رووسیا و ئەمەی بە یەکێک لە ھەڕەشە ھەرە گەورەکان بۆسەر ئەورووپا لە قەڵەمداوە.
پێشتر سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زێلێنسکی رایگەیاندبوو "ھێزە داگیرکارەکانی رووسیا" لە ھەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ.
- قەیرانی دۆنباس و دەستوەردانی سەربازیی رووسیا
دوای رووداوەکانی گۆڕەپان لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ئۆکراینا، حکوومەتێکی لایەنگری خۆرئاوا دەسەڵاتی گرتە دەست و سەرۆکی وڵات، ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ لە وڵاتەکە ھەڵات. رووسیا بەشێوەیەکی نایاسایی کرێمیای خستە سەر وڵاتەکەی. لە ھەریەک لە دۆنێتسک و لوھانسک سەربە ئۆکراینا کە دانیشتوانی بە بنەچە رووسین، زۆرینە پێکدەھێنن، جووداییخوازەکان بەناو ئیدارەیان راگەیاند. پێکدادانی خوێناویی لە نێوان ھێزە جووداییخوازەکانی پشتیوانییکراو لەلایەن رووسیا و سوپای ئۆکراینادا ھاتە ئاراوە. دوای ئەوەی کە ھێزە خۆرئاواییەکان لەگەڵ مۆسکۆ کەوتنە گفتوگۆ، لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا رێککەوتننامەکانی مینسک واژوو کران. بەڵام پێشێلکردنی ئاگربەست بەردەوام بوو. تا مانگی شوبات ١٤ ھەزار کەس لە پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستدا.
رووسیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١دا دەیان ھەزار سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراینا کۆکردەوە و ھەموو چاوەکانی خستەوە سەر خۆی. ئەمریکا بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە رووسیا خۆی بۆ داگیرکاریی ئامادە کردووە و مۆسکۆش ئەمەی رەتدەکردەوە. وڵاتانی خۆرئاوا بەشێوەیەکی بەردەوام ھەڕەشەی سەپاندنی سزایان بەسەر مۆسکۆدا دەکرد ولەبەرامبەردا رووسیا، دانی بە ئیدارە جووداییخوازەکانی دۆنباسدا نا و لە ٢٤ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر خاکی ئۆکراینا دەستپێکرد.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە کرد ئامانجیان بریتییە لە "پاراستنی ئەو مرۆڤانەیە کە لەلایەن کیێڤەوە بەرەوڕووی کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە و داماڵینی ئۆکراینایە لە نازیزم و میلیتاریزم" و بانگەوازی لە سوپای ئۆکراینای کرد دەستبەرداری چەک بن.