Aliia Raimbekova
24 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2023
کیێڤ - AA
شەوی رابردوو رووسیا لە هێرشێکدا کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر ناوچەی ئۆدێسا لە ئۆکراینا، ئەنجامی دا ژێرخانی بەندەرەکانی لە رووباری دانوب کردە ئامانج.
سەرۆکی فەرمانگەی دەوڵەت لە ناوچەی ئۆدیسا، ئۆلیگ کیپەر لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە رایگەیاند کە شەوی رابردوو سەربازانی رووسیا هێرشێکی دیکەیان بۆ سەر ناوچەی ئۆدێسا ئەنجام دا.
کیپەر باسی لەوە کرد کە رووسەکان ژێرخانی بەندەری رووباری دانوب'یان کردە ئامانج و رایگەیاند: "رووسەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بەردەوام بوون لە هێرش کردنە سەر بەندەرەکان. سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیمانەوە تێکشکێندران".
ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا شەش کەس برینداربوون، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە بڕێکی زۆر لە بەروبوومی دانەوێڵە لەناوچووە.
- لەماوەی هەفتەی رابردوودا رووبەری ١٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە بەرەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات رزگار کراوە
لە هەژماری تایبەتی ناوەندنی راگەیاندنی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا راگەیەندراوێکی جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئانا مالیار سەبارەت بە دۆخی بەرەکانی جەنگ بڵاوکرایەوە.
مالیار رایگەیاند کە سوپای ئۆکراینا لە ماوی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە ١٢ کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە باشوور رزگار کردووە و بە گشتی لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٩٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە بەرەی باشوور ئازاد کراوە.
مالیار هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا لە باخموت کە دەکەوێتە ئاراستەی رۆژهەڵات بە گشتی رووبەری نزیکەی ٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە ئازاد کردووە، راشیگەیاند: "لە ماوی هەفتەی رابردوودا هێزەکانی بەرگریمان نزیکەی چوار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەم ئاراستەیە رزگار کردووە".