Hemın Othman Mohammed
04 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری، ئاماژەی بەوە كرد كە پلانیان ئەوەیە تا یەكی ئابی داهاتوو قۆناغی راگوزەر لە سووریادا دەست پێ بكات و رایگەیاند "ئەگەر لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا راگوزەری سیاسی ئەنجام نەدرێت، ئەوا رەنگە دۆخەكە بە ئاقارێكی جیاوازدا بڕوات".
لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، كیری بەشداری لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەدا كرد و باسی لە شەڕی ناوخۆی سووریا كرد كە درێژەی هەیە.
كیری ئاماژەی بە رژێمی سووریا و پشتیوانانی كرد كە رووسیا و ئیرانن و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە تا یەكی ئابی داهاتوو قۆناغی راگوزەر لە سووریادا دەست پێ بكات. ئێستا لە مانگی ئایارداین. لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا یان كۆمەڵێک شت روو دەدەن، یان دەیانەوێت دۆخەكە بە ئاقارێكی جیاوازدا ببەین".
جۆن كیری، ئیدانەی هێرشكردنە سەر نەخۆشخانەكانی پارێزگای حەلەبی كرد لەلایەن رژێمەكەی ئەسەدەوە و گوتی: "ئەو مووشەكەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەكە كەوتووەتە خوارەوە لەو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنەوە ئاراستە كراوە. بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كێ ئەو جۆرە هێرشانە ئەنجام دەدات ئیدانەیان دەكەین. داوا لە تەواوی لایەنەكان دەكەین لە سووریا هەرچی زووە واز لە توندوتیژی بهێنن و بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكەن".
كیری باسی لەو هێرشانە كرد كە لەلایەن رژێمەكەی ئەسەدەوە دەكرێتە سەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و گوتی: "مەحاڵە رژێم لە حەلەب ناوچەیەكی دیاری كراو بگرێت و كۆنترۆڵی بكات. ئەگەر ئەسەد لە حەلەب كە ناوچەیەكی ستراتیجیە ناوچەیەكی دیاری كراو بگرێت، ئەگەر لە سووریادا ناوچەیەكی دیاری كراو بگرێت، ئەوا هەواڵێكم هەیە بۆ ئەسەد ئەو جەنگە كۆتایی پێنایەت، لە رووی فیزیاییەوە مەحاڵە ئەسەد ناوچەیەكی دیاری كراو بگرێت و بتوانێت كۆنترۆڵی بكات. تا ئەو كاتەی ئەسەد لەو ناوچانەدا بێت، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام دەبن لەسەر شەڕ".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئاماژەی بەوە كرد كە خوازیارن ئەسەد باپەند بێت بە رێككەوتنی راگرتنی شەڕو پێكدادانەكان و گوتی: "ئەگەر ئەسەد باپەندی ئەو رێككەوتنە نەبێت، ئەوە رەنگدانەوەی زۆر روونی لێدەكەوێتەوە. یەكێكیش لەوانە تەواو كۆتایی پێهاتنی رێككەوتنەكەیە، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ جەنگ. وانازانم ئەوە خواستی رووسیا بێت، هەروەها ناشزانم كە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەسەدددا بێت. دەكرێت گفتوگۆ لەبارەی رەنگدانەوەكانی دیكە بكرێت، كات ئەوە نیشان دەدات".