Hemın Othman Mohammed
11 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، ئامادەکارییەکان بۆ رێوڕەسمی رادەستکردنی پۆستی سەرۆکایەتی درێژەی ھەیە کە لە ٢٠ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت و، چاوەڕوان دەکرێت بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تێبچێت.
بڕیار وایە کە ٢٠ ئەم مانگە سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما پۆستی سەرۆکایەتی رادەستی ٤٥ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترمپ بکات کە لە ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦دا سەرکەوتنی بەدەست ھێنا.
رێوڕەسمەکە کە بەمەڕاسیمی سوێندخواردن لەبەردەم بینای کۆنگرێس دەستپێدەکات، پرۆتۆکۆڵەکەی لە شەقامی پێنسیلڤانیاوە بەگەیشتن بەکۆشکی سپی کۆتایی پێدێت.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، کارەکان لەناو باخچەی فراوانی بەردەم بینای کۆنگریسدا بەچڕی بەردەوامە، کە تیایدا ھەزاران کەس ئامادەدەبن بۆ تەماشاکردنی مەڕاسیمی سوێندخواردنەکە.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا ھەموو رێوشوێنێک گیراوەتەبەر بۆ دابینکردنی پێداویستی میوانان، رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵیش لەدەورووبەری بیناکە گیراوەتەبەر.
لە کاتێکدا شوێنی پرۆتۆکۆڵەکە بەگەیشتن بەکۆشکی سپی بەشەقامی پێنسیلڤانیادا تێدەپەڕێت، بوونی پلاتفۆرمێکی گەورە بۆ تەماشاکەران لە شەقامەکەدا بووەتە جێگەی سەرنج، پلاتفۆڕمەکە کە ھێشتا تەواونەبووە لە ماوەیەکی کەمدا ئامادە دەبێت.
رێوڕەسمی رادەستکردنەکە کە رۆژی ھەینی، ٢٠ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوان دەکرێت بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تێبچێت و، ببێتە ھۆی راگرتنی جەنجاڵی پایتەخت.
لەو رۆژەدا رێگە بەئۆتۆمبێلی مەدەنی نادرێت بچنە گۆڕەپانێکی فراوانەوە کە بۆ رێوڕەسمەکە دابینکراوە، ھەروەھا لەو رۆژەدا خزمەتگوزاری گواستنەوەی گشتیی وەک میترۆ و پاس لەنێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپیدا کار ناکەن.
ئەوەی بووەتە مایەی تامەزرۆیی ھەموو ئەمریکییەکان، ئەوەیە کە ترەمپ لە یەکەمین رۆژی دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی چ کارێک دەکات.