Alaattin Doğru
10 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2022
ئەنقەرە - AA
راگەیەندرا کە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی لاندیراس سەربە هەرێمی جیرۆند باشووری رۆژئاوای فەڕەنسا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم شەش هەزار هێکتار زەوی بووەتە خۆڵەمێش.
ماڵپەڕی لۆ پاریسین بڵاوی کردەوە، دوانیوەڕۆی دوێنێ ئاگر لە دارستانەکانی دەورووبەری شارۆچکەی هۆستێنس باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە.
لە کاتێکدا شەش هەزار هێکتار لە رووبەری دارستانەکان بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، فڕۆکەکانی ئاگرکوژێنەوە شانبەشانی ٥٠٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دامرکاندنی ئاگرەکە.
بەرپرسان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە سێ هەزار و ٨٠٠ کەسیان لە ناوچەکانی هۆستێنس، سانت ماگن و بێلین بیلیت گواستەوە بۆ شوێنی سەلامەت.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ئاگرەکەوە سێ ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرێک سووتاون.
هەروەها ماڵپەڕی لۆ فیگارۆ بڵاوی کردەوە، فەرمانڕەوای هەرێمی جیرۆند رایگەیاندووە کە رەنگە ئاگرە نوێیەکە بەهۆی ئەو ئاگرەوە بووبێت کە لە ١٢ی تەمووز لە ناوچەی لاندیراس دەستی پێ کردبوو.
نالەباریی رەوشی کەشوهەوای ناوچەکە وای کردووە کە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە قورس بێت.
لە ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی لاندیراس زیاتر لە ١٤ هەزار هێکتار زەوی لەناوچووبوو.
لە لایەکی دیکەوە باس لەوە کراوە کە دوێنێ لە ناوچەکەدا، چەندین ئاگری بچووک کەوتوونەتەوە و تا ئێستاش نەتوانراوە بەشێک لە بڵێسەی ئاگرەکان کۆنترۆڵ بکرێن.
لە ١٦ ناوچەی باشوور و رۆژئاوای وڵاتەکەدا، زەنگی مەترسیداری پرتەقاڵی راگەیەندرا کە چوارەمین شەپۆلی گەرمایان تێدا بەدی کرا.
- ئەو ئاگرەی ٣٠ رۆژە نەکوژاوەتەوە
ئاماژە بەوەش کراوە کە ئاگری ناوچەی لاندیراس کە لە ١٢ی تەمووز کەوتووەتەوە و نزیکەی ١٤ هەزار هێکتار لە رووبەری سەوزایی سووتاندووە، هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
لە کارەساتەکەدا کە باس لەوە دەکرێت لە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکانی مێژووی وڵاتەکەدایە، مەترسی بڵاوبوونەوەی بڵێسەی ئاگرەکە بۆ ناوچەکانی دیکە هەیە.