Dmitri Chirciu
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
باکو - AA
سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ، ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەبارەی قەیرانی قەرەباغ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کراوە، لە کاتژمێر ٠٠:٠٠ەوە بە کاتی رووسیا ئاگربەست راگەیەندراوە.
سەبارەت بە قەیرانی قەرەباغ، عەلیێڤ گوتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد.
عەلیێڤ باسی لەوە کرد کە لە نێوان ئازەربایجان، ئەرمینیا و رووسیادا بەیاننامەی هاوبەش واژووکراوە و، ماددەکانی نێو بەیاننامەکەشی خوێندەوە.
گوتیشی: ''کەلبەجەر لە ١٥ی تشرینی دووەمدا و، ناوچەی ئاغدەم لە ٢٠ی تشرینی دووەمدا و، لاچین لە یەکی کانوونی دووەمدا دەدرێتەوە بە ئازەربایجان''.
عەلیێڤ ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەزار و ٩٦٠ سەربازی هێزی ئاشتی پارێزی رووسی بە چەکی سووکەوە لەگەڵ ٩٠ زرێپۆش لە هێلی پێشەوەی قەرەباغ و رێڕەوی لاچین جێگیردەکرێن و، گوتی: ''هێزەکانی ئاشتیی پارێزی رووسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە قەرەباغ دەمێننەوە، ئەگەر لایەنەکان تانەیان نەبێت ئەو ماوەیە درێژ دەکرێتەوە''.
هاوکات عەلیێڤ سوپاسی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد بە هۆی ئەو پشتیوانیەی لە ماوەی پێکدادانەکاندا پێشکەشی کردووە و، رایگەیاند: ''لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆدا هێزی ئاشتیی پارێزی هاوبەشی رووسیا و تورکیا باس کراوە. شێوازێکی نوێ لەبارەی دیدارەکانی ناوچەکە دروست دەکەین''.
سەرکۆماری ئازەربایجان عەلیێڤ، ئەوەشی خستەڕوو کە رێککەوتنەکە بە واتای شکستی ئەرمینیا دێت و، رایگەیاند: ''پاشینیان بە ویستی خۆی رێککەوتنەکەی واژوو نەکرد، بەڵکو بە هۆی مستەکۆڵەی پۆڵایینی ئازەربایجانەوە واژووی کرد''.
گوتیشی: ''لە ٢٧ی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ نزیکەی ٣٠٠ ناوچەی نیشتەجێبوون رزگارکراون کە ئەوەش پشتی سوپای ئەرمینیای شکاندووە''.