بەغدا
بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامی پێكهاتەی توركمان نیازی معمارئۆغلۆ رایگەیاند، لە رووداوەكانی 10ی مانگی حوەزیرانی ساڵی 2014 و دوای كەوتنی شاری موسڵ لەسەر دەستی چەكدارانی داعش، 6 هەزار و 500 هاووڵاتی توركمان كوژراو و بریندار بوون.
ماوەییەك لەمەوپێش، سەركردەكانی توركمان داوایان لە حكوومەتی فیدراڵ كرد كە هاونیشتمانیانی توركمان لە قەزای دوزخورماتوو و كەركووك و ناوچەكانی دیكەی لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش پڕچەك بكات هەروەك چۆن گرووپەکانی چەكداری شیعەیان پڕچەک كردووە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، معمارئۆغلۆ رایگەیاند بەپێی ئاماری فەرمی كە هەتا ئێستا تۆمار كراون، لە كاتی رووداوەكانی 10ی مانگی حوزەیران لە پارێزگاكانی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە و كەركووك، دوو هەزار و 500 هاووڵاتی توركمان كوژراون و چوار هەزاری دیكەش بریندار بوون كە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و بەساڵا چوون.
بڕیاردەرەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بە گۆڕینی دیموگرافی ناوچەی توركمانەكان بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعش دا و گوتی: "لەو چوار پارێزگایە باری دیموگرافی ناوچە توركمان نیشنەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و هۆكارەكەشی بۆ هێرشەكانی چەكدارانی داعش دەگەڕێتەوە كە بەو هۆیەوە بە هەزاران خێزانی توركمان لە ناوچەكانی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە و كەركووك ئاوارەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بوون".
لە 7 مانگی رابردوودا دوای هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای تەلەعفەر سەربە پارێزگای موسڵ، بە سەدان هەزار خێزانی توركمانی شیعە مەزهەب ئاوارەی شارەكانی هەرێم و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون.