پاریس
سەرکۆماری فهڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رادیۆی فڕانس ئینتەر گوتی: "پهشیمانم لهوهی له ساڵی ٢٠١٣ کاتێک رژێمی ئەسەد چەکی کیمیایی بەکارھێنا، دهستمان نهخسته ناو كاروباری ئهو وڵاتهوە".
ئۆلاند لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایە فهڕەنسا بۆ شەڕی دژی داعش ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ رژێمی سووریا دەکات یان نا؟ گوتی: "باشتر وایە لەو جۆرە پەیوەندییانە خۆمان بەدوور بگرین، چونکە ئەگەر لەگەڵ شەیتان هاوكار بیت زەحمەتە خوا ھاوکاریت بکات".
ئۆلاند جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بەردەوامی ئارامی لە سووریا و عێراق، ئێران ھاوبەشێکی زۆر گرنگە.
سهركۆماری فهڕهنسا ههروهها گوتی: "پێویستە ھاوکاری و پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکەین بە ھۆی ئەوەی له ساڵی ٢٠١٣دا کاتێک رژێمی سووریا چەکی کیمیایی بەکارھێنا، لە دژی ئەو رژێمە ھەڵوێستێکی توندمان نەنواند و پەشیمانم چونکە ئەگەر دەستوەردانێكمان بکردایە ئێستا شتێک بە ناوی داعش رووبەڕوومان نەدەبووەوە، لێکۆڵینەوە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان داعش و ئەسەد دەکەین".
ئۆلاند ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بەرامبەر ئەو ئاوارانەی لە سووریاوە دەڕۆن پێویستە ئەورووپا سنوورەکانی خۆی بپارێزێت و گوتی: "وڵاتانی ھۆڵهندا، ئەڵمانیا و سوید زیاتر لە فهڕەنسا پەنابەری سوورییان لەخۆ گرتووە و بۆ ئەوەی پەنابەری زیاتر روو لە ئەورووپا نەکهن، پێویستە ھاوکاری ئەو وڵاتانە بکرێت کە لە قۆناغی پێشکەوتندان".