ئەنقەرە
کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان کارۆل باتچەلۆر رایگەیاند کە پاراستنی پەنابەرانی سوریا تەنیا ئەرکی وڵاتانی دەراوسێ سوریا نییە، بەڵکو ئەرکی ھەموو وڵاتانی جیھانە بۆیە لە شوێنی داخستنی سنوور دەبێ وڵاتانی جیھان سنوری خۆیان بەری سوریادا بکەنەوە و رێ و شوێنی دانی ڤیزا بە پەنابەرانی سوری ئاسانتر بکەن.
نوێنەری تورکیای کۆمیساریای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان کارۆل باتچەلۆر لە لێدوانێکدا بۆ AA باسی پلانی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ ھاوکاریکردنی ئەو وڵاتانە کرد کە پەنابەرانی سوریا روویان تێکردووە و رایگەیاند کە لە رۆژانی داھاتوودا ناوەڕۆکی ئەو پلانەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریکردنی پەنابەرانی سوریا و وڵاتانی دراوسێ سوریا کە دەروازەکانیان بۆ پەنابەران کردۆتەوە، ئاشکرا دەکرێ. ھەر لەو چوارچێوەیەدا لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا کۆنفڕانسێک ساز دەکرێ و لەو کۆنفرانسەدا داوا لە وڵاتانی جیھان دەکرێ دەروازەکانی خۆیان بە رووی پەنابەرانی سوریادا بکەنەوە.
باتچەلۆر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەردەوامی کوشتنی خەڵک لە سوریا نیگەرانە و گوتی: "ئێستا لە سوریا زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس پێویستی بە ھاوکاری بە پەلەیە. لەو ١٠ ملیۆنە ٥ تا ٦ ملیۆن کەس ماڵ و شوێنی خۆیان جێھێشتووە. زیاتر لە ٢ ملیۆن سوری کۆچبەر بوونە و روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە. لە تورکیا بە گشتی ٢١ شوێنی مانەوە بۆ ئەو پەنابەرانە دابین کراوە و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار پەنابەری سوری لە تورکیان. زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار ئاوارەی دیکەی سوری لە شوێنە جیاجیاکانی تورکیادا نیشتەجێکراون. بە گشتی نزیکەی ٦٠٠ تا ٧٠٠ ھەزار ئاوارەی سوری لە تورکیا ھەن.