Hemin Hüseyin
04 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری سەنتەری چارە بۆ نەخۆشییەکانی مەمک، دکتۆر سۆزان هۆشیار رایگەیاند "ساڵی رابردوو لە کۆی نۆ هەزار کەس لەوانەی پشکنینی پێشوەختەیان ئەنجامداوە، تەنها ٣٠ کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بوون کە لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرن و هیچ حاڵەتێکی مردنیش تۆمار نەکراوە".
دکتۆر سۆزان هۆشیار لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ساڵێک دەبێت سەنتەری چارە کراوەتەوە و رۆژانە پێشوازی لەوانە دەکەین کە بۆ پشکنینی پێشوەختە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن و لێرە کۆمەڵێک بەشی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی لە ئەنجامی پشکنینەکە دڵنیابینەوە، بۆیە ئەو کەسەی بۆ پشکنین دێت ئەوا چەندین پشکنینی جۆراوی بۆ دەکرێت".
دکتۆر سۆزان هۆشیار گوتیشی: "ساڵی رابردوو لە کۆی نۆ هەزار کەس لەوانەی پشکنینی پێشوەختەیان ئەنجامداوە، تەنها ٣٠ کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بوون کە لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرن و هیچ حاڵەتێکی مردنیش تۆمار نەکراوە".
بەڕێوەبەری سەنتەری چارە بۆ نەخۆشییەکانی مەمک، دکتۆر سۆزان هۆشیار ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانرێت بوودجەیەک دیاریی بکرێت بۆ رووبەڕووبووە و چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک چونکە هەر وەک خۆی دەڵێت "حاڵەتی نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕدرێت".
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئەم نەخۆشییەش، دکتۆر سۆزان هۆشیار گوتی: "دروستبوونی گرێ و بۆ ماوەیی، هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە، بەڵام لە یەکەم هەنگاودا پاش ئەوەی کە پشکنینی بۆ دەکرێت دەینێرین بۆ بەشی تیشک و پاشان بە پێی حاڵەتەکە ئەوا رێژەی نەخۆشییەکە دیاری دەکرێت کە بزانرێت پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە یان تەنها پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر هەیە".