Ethem Emre Özcan,Ömer Koparan
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
باب - AA
محەمەد ئەحمەد کە ھاوتەمەنە لەگەڵ شەڕی ناوخۆی سووریا و ھەردووکیان ١٠ ساڵی تەمەنیان پڕکردووەتەوە، بەر لە پێنج ساڵ لە ئەنجامی ھێرشێکی رژێمی ئەسەددا نیوەی قاچی چەپی لەدەستدا و لەو کاتەوە تا ئێستا لەنێو ترس و نیگەرانییدا ژیان بەسەر دەبات.
منداڵان گەورەترین قوربانی جەنگی ناوخۆی سووریان. بەپێی ئەو ئامارانەی کە رێکخراوی یونیسێف بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە ١٠ ساڵی پڕکردەوە، زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ بەھۆی نەبوونی درێژخایەنی خۆراک، تووشی گرفی گەورەی گەشەکردن بوونەتەوە.
ھەر بەپێی داتاکانی رێکخراوەکە لە نێو سووریادا دوو ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار و لە دەرەوەی وڵاتەکەش ٧٥٠ ھەزار منداڵی سووریی ناتوانن بچنە خوێندنگە. ھەروەھا لە سووریا شەش ملیۆن و ١٠٠ ھەزار منداڵ پێویستیان بە ھاوکارییە و نزیکەی دوو ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار منداڵ لەگەڵ خێزانەکانیان کۆچیان کردووە و دەربەدەر بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا، ئاماژە بەوەدەکەن لە ھەزاران منداڵ کە لە جەنگی ناوخۆی سووریادا گیانیان لەدەستداوە، توانیویانە ٢٩ ھەزار و ٤٥٧یان دەستنیشان بکەن.
محەمەد ئەحمەد کە خەڵکی ئیدلبە و ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ سەرھەڵدانی جەنگی ناوخۆی لیبیادا لەدایک بووە، تەنھا یەکێکە لەو ملیۆنەھا منداڵە مافخوراو و قوربانییەی کە جەنگەکە لەدوای خۆی جێیھێشتووە.
محەمەد لە ساڵی ٢٠١٥دا لە کاتێکدا لە نزیکدا ماڵی خۆیان لە ئیدلب سەرگەرمی یارییکردن بووە، لە ئەنجامی ھێرشێکی رژێمی ئەسەددا قاچی چەپی لەدەستدا.
دوای ئەوەی بۆ چەندین مانگ لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکیی وەرگرت، محەمەدی تەمەن ١٠ ساڵان پێنج ساڵە لەلایەن داپیرییەوە، مەریەم ئەحمەد بەخێودەکرێت.
محەمەد و داپیرەی کە تەمەنی ٦٢ ساڵە، دوای دەستپێکردنی ھێرشە چڕەکانی رژێمی ئەسەد و رووسیا بۆسەر ئیدلب، لە ساڵی ٢٠١٩دا کۆچیان بۆ ناوچەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کردووە و لە کەمپی ئەزراق لە شارۆچکەی باب نیشتەجێبوون.
ئەو منداڵە ئیدلبییە بەھۆی ئەو رووداوانەی بەسەریدا ھاتووە لە ئیدلب، نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ لای دایک و باوکی.
محەمەد کە ژیانی پڕ لە چەرمەسەریی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گێڕایەوە، گوتی: "کە برینداربووم تەمەنم پێنج ساڵان بوو. خەریکی یاریی تۆپی پێ بووم. کاتێک تۆپەکە چووە نێو ماڵێکەوە، بەدوایدا رۆیشتم. لەو کاتەدا پارچەکانی مووشەکێک کە کەوتە خوارەوە بەر قاچم کەوت و قاچم لەدەستدا. ھیوادارم قاچی دەستکردم بۆ درووستبکرێت".