Rawan Subhi Obaiullah
03 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2026
وەزارەتی تەندروستی ههرێمی كوردستان بڵاویکردووەتەوە کە یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە و تووشبووەکە لە پارێزگای دهۆکە و لە ژێڕ چاودێرییدایە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە پیاوێکی تەمەن ٤٧ ساڵە، پیشەی شوانە و دانیشتووی گوندی "دووگرێ"یە لە ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا و، ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، نیشانەکانی نەخۆشییەکەی تێدا دەرکەوتووە، دوای چەندینجار سەردانیکردنی نەخۆشخانەکانی ناوچەکەی، دواجار ڕووی لە شاری دهۆک کردووە و لەوێ لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە گومانی لێکراوە و پشکنینەکانی پۆزەتیڤ دەرچوونە.
وەزارەتی تەندروستی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئێستا نەخۆشەکە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە و باری تەندروستیی "ناجێگیرە".
تەندروستیی هەرێم ڕوونیشیکردووەتەوە: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین حاڵەتی گومانلێکراو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پشکنینیان بۆ کراوە، بەڵام ئەمە یەکەمین حاڵەتی پشتڕاستکراوەی ناوخۆییە، پێشتر تەنیا یەک حاڵەتی دیکە هەبووە کە هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناوەڕاستی عێراق بووە و بە مەبەستی چارەسەر ڕووی لە شاری سلێمانی کردبوو، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست بە تەواوی چاکبووەوە و نەخۆشخانەی جێهێشت".
هاوکات لەگەڵ تۆمارکردنی ئەم حاڵەتە، وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی کردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتیان و بەخێوکەرانی ئاژەڵ کردووە، لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی گومانلێکراو لەسەر ئاژەڵەکانیان، دەستبەجێ تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە، هەروەها هۆشداریی داوەتە ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا هەیە، لەکاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەبێ دواکەوتن سەردانی نزیکترین نەخۆشخانە بکەن بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە.