Brussels Hoofdstedelijk Gewest
برۆکسل - AA
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێرلاین ئەوەی راگەیاند کە یەکێتی ئەورووپا تاکو ئەمڕۆ ٣٥٠ ملیۆن دۆز ڤاكسينی بەخشیوەتە وڵاتە ھەژارەکان.
ڤۆن دێرلاین، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو ڤاکسینانەی کە یەکێتی ئەورووپا بەخشیویەتی بڵاوکردەوە.
ڤۆن دێرلاین، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرانسەری جیھان و لە چوارچێوەی پرۆگرامی جیھانیی گەیشتن بە ڤاکسینەکانی کۆرۆنا (COVAX)، زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆز ڤاکسینیان بەخشیوە و ئەوەی گوت کە ئەم ڤاکسینانەیان بۆ وڵاتانی داھات مامناوەند و کەم داھات ناردووە.
ڤۆن دێرلاین، ئەوەشی راگەیاند کە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، لە رێگەی بەخشینی دووقۆڵیەوە بڕی ٤٥ ملیۆن دۆز ڤاکسینی بەخشیوەتە چەند وڵاتێکی دراوسێی وەکو وڵاتانی بەڵقان.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێرلاین ئەوەی خستەڕوو کە تاکو ئێستا سەدا ٤٤ی دانیشتوانی جیھان ڤاکسینیان وەرگرتووە و گوتی: "بەشێکی گەورەی دۆزی ڤاکسینی پێویست بۆ کوتان یان لە ئەورووپاوە ھەناردە کراوە یاخود لەرێگەی وڵاتانی ئەورووپاوە نێردراوە. لەوە زیاتریش ئەنجامدەدەین."
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، جەختی لەوەش کردەوە کە ھەوڵەکانیان بۆ خێراترکردنی پێدانی ڤاکسین لە وڵاتانی ئەفریقا زیاددەکەن و گوتی: "ئامانجان ئەوەیە کە تاکو ناوەراستی ساڵی داھاتوو سەدا ٧٠ی دانیشتوانی جیھان ڤاکسین وەربگرن".
یەکێتی ئەورووپا، لە نێو گەورەترین وەبەرھێنەری ڤاکسین و دەرماندایە. ئاژانسی دەرمانی ئەورووپا (EMA)، کە رێکخەری دەرمانی یەکێتی ئەورووپایە تاکو ئێستا رێگە بەو ڤاکسینانە دەدات کە لەلایەن کۆمپانیاکانی بایۆنتەک-ڤایزەر، مۆدێرنا، ئاسترازینکا و جۆنسن&جۆنسەوە بەرھەمھێنراوە لە وڵاتانی یەکێتی ئەرووپا بەکاربھێندرێت.